ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەكانی ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/، بەردەوامە و فرەوانتر دەبێت، ئەمڕۆ كۆشكی سپی سەركۆنەی بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن حكوومەتی ئێران بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز كرد، بەریتانیایش بانگهێشتی دیپلۆماتكارێكی ئێرانی دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم
كارین جین بییر، گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی رای گەیاند كە وڵاتەكەی سەركۆنەی سەركوتكاریی هێزە تەناهییەكانی ئێران بۆ ناڕەزایەتییە ئاشتیانەكانی ئەو وڵاتە دەكات، بۆ رۆژنامەوانانی روون كردەوە، ئێمە نیگەران و بێزارین لەو راپۆرتانەی باسی وەڵامدانەوە و مامەڵەی توندوتیژی هێزە تەناهییەكانی ئێران بۆ ناڕەزایەتییە ئاشتیانەكانی قوتابیانی زانكۆ و گرتنیان دەكەن.
لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دووپاتی كردەوە كە كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئێرانی سەبارەت بە سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكانی ئەو وڵاتە بانگهێشت كردووە، كە لە دوای كوژرانی ژینا ئەمنی لەكاتی گرتنی لەلایەن پۆلیسی ئادابەوە سەری هەڵداوە.
جیمس كلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، ئەو توندوتیژییەی خۆپێشاندەران لە ئێران لەسەر دەستی هێزە تەناهییەكانەوە رووبەڕووی دەبنەوە، مایەی شۆكبوونە، ئەمڕۆ بۆچوونی خۆمان بۆ دەسەڵاتی ئێران روون كردەوە، كە لەبری خستنی بەرپرسیارەتییەكە بۆ سەر لایەنی دەرەكی، پێویستە ئەنجامی كارەكانیان بگرنە ئەستۆ و گوێ بۆ دەنگی گەلەكەیان بگرن.