پەرلەمانتارێكی پارتی وادەی دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار ئاشكرا دەكات

:: PM:10:56:03/10/2022 ‌

 


ئێستە دۆخی سیاسی عێراق لە چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی ناكۆكییەكانی ناو ماڵەكانی شیعە و كوردە، لەلایەك ململانێی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لەلایەكی تر ململانێی یەكێتی و پارتی بەردەوامە، پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار لە ماوەی ئەم مانگەدا ساز دەكرێت.

مەحما خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ناكۆكی لە نێوان هێزە سیاسییەكان هەیە، ئەوەیش حاڵەتێكی تەندروستە و لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراسی دێت، دووپاتی كردەوە، لە ماوەی داهاتوودا هێزە كوردییەكان دەست بە كۆبوونەوە دەكەنەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەركۆمار. 

روونی كردەوە، ئەوەی رێگرە لەبەردەم رێككەوتنی ئەوان، پۆستە سیادییەكانە لە ناو هەرێم و لە عێراقیش، ئاشكرای كرد كە رۆژانی داهاتوو جموجۆڵێكی چڕ بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە بەخۆیەوە دەبینێت، لەو ناوەدا شاندێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دیاریكردنی دوایین ئامادەسازییەكان بۆ دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار، رانەگەیاندنی كاندیدی سەركۆماریش بەهۆی هەستیاری دۆخەكەیە.

"موقتەدا سەدر عێراقی جێنەهێشتووە و تا ئێستە لە پرۆسەی سیاسیدا هاوبەشە، لایەنە سیاسییەكانیش كۆكن لەسەر ئەوەی سەردانی بكەن و گفتوگۆی لەگەڵ بكەن، بۆ رزگاركردنی پرۆسەی سیاسی لەو داخرانەی تێی كەوتووە، لە ماوەی داهاتوودا و پێش دیاریكردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمان، شاندێك سەردانی سەدر دەكات بۆ رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو"، خەلیل وای گوت.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل