كەنەدا سزای ئێران دەدات و ئەوروپایش سزای بۆ ئامادە دەكات

:: PM:11:35:03/10/2022 ‌

تا دێت كاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتەییەكان بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/، ئەو كچە سەقزییەی لەلایەن پۆلیسی ئادابی ئێران لە تاران گیرا و گیانی لەدەست دا، فرەوانتر دەبێت، ئێران بە هەموو شێوەیەك دەیەوێ خۆپێشاندەران سەركوت بكات، وڵاتانی دنیایش سزای دەدەن.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەریەك لە ئەمەریكا و بەریتانیا سەركۆنەی هەڵوێستی توندوتیژ و سەركوتكاریی ئێرانیان بۆ خۆپێشاندانەكانی ئەو وڵاتە كرد، حكوومەتی كەنەدا رای گەیاند كە بەهۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاندووە.

ئێستە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا گوشاری زیاتر دەخەنە سەر تاران، ئەوەیش وەك پاڵپشتییەك بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران و ناچاركردنی حكوومەتەكەی بۆ گوێگرتن لە داواكاریی گەلەكەی، بۆیەیش هەریەك لە ئەڵمانیا و فڕەنسا و دانیمارك و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و كۆماری چیك، پێشنیازێكیان پێشكەیش كردووە، بۆ سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە بەسەر ئێران.

ئەو سزایانەی یەكێتی ئەوروپا بەهۆی سەركوتكارییەكانی ئێرانە بۆ خۆپێشاندانەكانی دوایی پێوەست بە زەوتكردنی مافی ژنان، وەك كۆواری "دێر شبیگل"ی ئەڵمانی باسی كردووە بێ ئەوەی ناوی سەرچاوەكان بێنێت، دووپاتی كردەوە كە سزاكانی پێشبینی كراون، 16 كەسایەتی و رێكخراو و دامەزراوەی بەرپرس لە سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكان دەگرێتەوە.

لەو كاتەی بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە 17ی ئەم مانگە بڕیار لەسەر سزاكانی ئێران بدەن، خاتوو ئەنالینا بێربووك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، سەركوتكردنی ئێران بۆ خۆپێشاندانەكان، بەرجەستەی تۆقینە لە فێركردن و ئازادییەكان، بۆیە دەنگی نارەزاییكاران دەگەیەنین و سزای ئێرانیش دەدەین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل