ئەمەریكا سزای زیاتر بەسەر ئێران دەسەپێنێت

:: AM:08:52:04/10/2022 ‌
سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاندووە، بەهۆی توندوتیژییەكانی دەسەڵاتی ئێران بۆ سەر خۆپێشاندەرانی وڵاتەكەی، واشنتن سزای زیاتر بەسەر ئێران دەسەپێنێت كە سزاكە لەناو ئەم هەفتەیە بڕیاری یەكجاریی لێ دەدرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، شەوی رابردوو سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، بەهۆی توندوتیژییەكانی ئێران بەرانبەر بە خۆپێشاندەران، سزای نوێیان بەسەردا دەسەپێنین.

بایدن گوتوویەتی، ئەمەریكا لەناو ئەم هەفتەیەدا سزای نوێ بەسەر ئەوانەدا دەسەپێنێت كە بەرامبەر بە خۆپێشاندەرانی ئێران توندوتیژییەكان بەكار هێناوە، لە كاتێكدا ئەوان خۆپێشاندانی ئاشتییان بەڕێوە بردووە، كەچی دەسەڵاتی وڵاتەكە مافەكانیان پێشێل دەكات.

بایدن زیاتر گوتوویەتی بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەبارەی خۆپێشاندانەكانی ئێرانەوە بڵاو بووەنەتەوە، توندوتیژیی زیاتر بەرانبەر بە خۆپێشاندەران ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی بەرانبەر بە قوتابیان و ژنان.

ژینا ئەمینی  كە خەڵكی سەقز بوو، لە 13ی ئەیلوول لەگەڵ براكەی بۆ بەسەركردنەوەی خزمانی سەردانی تارانی كردبوو، بەڵام لە نزیك میترۆ لەلایەن پۆلیسی ئاداب بە پاساوی جێبەجێنەكردنی رێساكانی باڵاپۆشی، دەگیرێت و سەعاتێك دوای گیران بە بێهۆشی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیان لە دەست دەدات. دەگوترێ ژینا لە كاتی گواستنەوە بۆ بنكەی پۆلیسی ئاداب لە رێ لە سەری دراوە، بۆیە تووشی ئەو دۆخە نالەبارە بووە. 

رۆژی شەموو 17ی مانگ بە بەشداریی هەزاران كەس لە دانیشتووانی سەقز، تەرمی ژینا بەخاك سپێرا. رۆژی دووشەم 19ی مانگ مانگرتنی گشتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە چوو و لە یەكی تشرینی یەكەمیش دوای كەمتر لە دوو هەفتە، دووەم گەورەترین مانگرتنی گشتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو، تا ئەم ساتەش خۆپێشاندان لە زۆربەی شارەكانی ئێران درێژەی هەیە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د