سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا نامەیەك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنێرێت

:: AM:10:23:04/10/2022 ‌
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، نامەیەك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنێرێ‌ و لە ناوەڕۆكەكەیدا، پێزانینی وڵاتەكەی بۆ پێوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە.

ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی یەكەم، لە ناوەڕۆكی نامەیەكی لیز ترەس سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەكات بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی شاژن ئیلێزابێسی دووەم شاژنی كۆچكردووی شانشینی یەكگرتوو، هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیداری نێچیرڤان بارزانی لە لەندەن پێشان دەدات.

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە نامەكەیدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، پێزانینی وڵاتەكەی بۆ پێوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە شانشینی یەكگرتوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەهای هاوبەشی وەك ئازادیی ڕادەبڕین و پەروەردە و ئەولەوییەتی هاوبەشیوەك پرسە تەناهییەكان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەیە. دووپاتی كردووەتەوە كە لەسەر ئەو بابەتانە لە كاری پێكەوەیی بەردەوام دەبن.

لە كۆتادا لیز ترەس سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، هیوای خواستووە لە ئەركی تازەیدا باشتر لەگەڵ هەرێمی كوردستان كار بكەن و دۆستایەتی و پێوەندییەكانی هەردوولا فراوانتر ببن.



وشە - رامیار جەواد