هه‌رچه‌نده نرخی ئارد دوو مانگه به‌رده‌وامه له دابه‌زین و حكوومه‌تیش پاره‌ی كاره‌بای له‌سه‌ر نانه‌واخانه و فڕنه‌كان كه‌م كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا نان گرانه.
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، هۆكاری ئه‌وه‌ی تا ئێسته نان گرانه و نانه‌واكان كه‌متر له جاران نان ده‌فرۆشن، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ئارد چه‌ند هه‌زارێكی ماوه بێته‌وه دۆخی پێش گرانبوون. ده‌ڵێ هه‌ر كات نرخی ئارد هاته‌وه خوار 40 هه‌زار دینار، ئه‌وكات نان هه‌رزان ده‌كرێته‌وه و ده‌بێت هه‌موو نانه‌واكان نرخه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ پێش دۆخی گرانبوون.
سۆران غه‌فوور به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانیی سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، پێش گرانبوونی نرخی ئارد، یه‌ك فه‌رده ئاردی بازرگانی كه نانه‌واخانه و فڕن و سه‌موونخانه‌كان به‌كاریان ده‌هێنا، ئاردی سفری پێ ده‌ڵێن به 37 هه‌زار دینار بوو، ئه‌وكات هه‌شت نان به هه‌زار دینار بوو، یه‌ك گونكیش 105 گرام بوو، ئه‌مه گرفتی نه‌بوو هه‌موو نانه‌واكان پابه‌ندبوون به‌و نرخه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی، دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئارد له بازاڕه‌كاندا، ئاردی بازرگانی بۆ سه‌رووی 50 هه‌زار دینار به‌رز بووه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكرد پاره‌یه‌كی زیاتر له‌سه‌ر نانه‌واكان بكه‌وێت، بۆیه نانه‌واكان شه‌ش نانیان كرد به هه‌زار دینار، هه‌ر به‌هه‌مان كێش و قورسایی پێشتر، ئێسته نرخی ئارد هه‌رزان بووه، به‌ڵام وه‌ك رابردووی لێ نه‌هاتووه‌ته‌وه و یه‌ك فه‌رده به 43 و 44 هه‌زار دیناره.
چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین نرخی ئارد دابه‌زێت بۆ خوار 40 هه‌زار دینار، ئه‌وكات هه‌موو نانه‌واكان پابه‌ند ده‌كه‌ینه‌وە
وه‌ك زیاتر خستیه روو، "به‌شێك له نانه‌واكان ئێسته هه‌شت نان ده‌فرۆشن به هه‌زار دینار، به‌ڵام كێشی گونكه‌كانیان له بری 105 گرام، 80 گرامه، ئێمه چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین نرخی ئارد دابه‌زێت بۆ خوار 40 هه‌زار دینار، ئه‌وكات هه‌موو نانه‌واكان پابه‌ند ده‌كه‌ینه‌وه به فرۆشتنی هه‌شت نان به هه‌زار دینار به كێشی 105 گرام، چونكه حكوومه‌تیش نرخی كاره‌بای له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه كه‌م كردووه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش هاوكارییه‌كی باشی ئه‌و نانه‌وا و فڕنانه‌یه له‌و كاته‌دا''.
جه‌مال عه‌لی خاوه‌نی نانه‌وا له سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌شت نان به هه‌زار دینار ده‌فرۆشن وه‌ك هاوكارییه‌ك بۆ هاووڵاتییان، هه‌رچه‌نده ئارد نرخه‌كه‌ی هه‌ر گرانه و دانه‌به‌زیوه، به‌ڵام كێشی گونكه‌كان ئاسایی نین كه بۆیان دیاری كراوه و بڕێك كه‌متره، به‌ڵام هاووڵاتی هه‌ر پێی خۆشه و كاتێك ده‌بینێت هه‌شت نان به هه‌زار دیناره، ده‌روونی‌ئاسووده‌یه و هه‌ست ناكات گرانی هه‌یه.
ئه‌و گوتی، پێیان خۆش نییه ئه‌گه‌ر نان گران بكه‌ن یان كێشه‌كه‌ی كه‌م بكرێته‌وه، هه‌ركاتێكیش نرخی ئارد گه‌ڕایه‌وه دۆخی ئاسایی خۆی، نرخی نان وه‌ك خۆی لێ دێته‌وه به هه‌مان كێشی جارانی، به‌ڵام ئێسته شته‌كه له ده‌ستی ئه‌واندا نییه.
نه‌سرین محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری دروستكراوی دانه‌وێڵه‌ی سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، پشتگیریی ئه‌و نانه‌واخانانه‌یان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی پێوه‌ندیدار كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كاره‌بایه، نرخی كاره‌بایان له‌سه‌ر كه‌م بكه‌نه‌وه كه وه‌ك هاوكارییه‌ك بوو بۆیان له‌و كاته‌ی ئارد زۆر گران بوو.
ئه‌و گوتی، گرانبوونی نان پێوه‌ندی به ئه‌وان نییه، نانه‌واكان خۆیان ئازادن چ جۆره ئاردێك به‌كار ده‌هێنن بۆ نانكردن و لایه‌نی پێوه‌ندیدار هه‌یه بۆ لێپرسینه‌وه له نانه‌واكان كه چاودێری بازرگانییه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی