ئاوی قورس یەكێكە لەو گرفتانەی كە ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی و دروست چارەسەر نەكرێت، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و خراپی لەسەر هاووڵاتییان و ژینگە دەبێت. كابینەی نۆیەمی حكوومەت هەرێمی كوردستان لە ڕێی چەند پڕۆژەیەكەوە،هەوڵی چارەسەركردن و دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی قورسی ماڵانی داوە، یەكێك لەو پڕۆژانەش ئێستە لە شاری هەولێرلە قۆناغی تەندەرینگە و بڕیارە دەست بە دروستكردنی بكرێت.
ئامۆژگار حەوێزی بەڕێوەبەری پێشكەوتووی پڕۆگرامەكان لە ڕێكخراوی جایكا ـ ئۆفیسی عێراق گوتی، ئەم پڕۆژەیە لە ڕێی ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنییەوە تەندەرینگ و كاری ڕاوێژی بۆ ئەنجام دەدرێت، وەك قەرزی درێژخایەن بە گوژمەی 288 ملیۆن دۆلار و لەلایەن دوو كۆمپانیای ژاپۆنی، بە سەرپەرشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی جێبەجێ دەكرێت، بڕیار وایە سەرەتای ساڵی نوێ دەست پێ بكرێت. ئێستە زەوی بۆ پڕۆژەكە تەرخان كراوە و ماوەی چەند ساڵێكی پێویستە بۆ تەواوبوونی، بە تەكنەلۆجیای ژاپۆنی كاری پێ دەكرێت، تەكنەلۆجیایەك كە تەنیا لە ژاپۆن هەیە.
ئەم پڕۆژەیە لە ڕێی ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنییەوە تەندەرینگ و كاری ڕاوێژی بۆ ئەنجام دەدرێت،
ئەو بەرپرسەی ڕێكخراوی جایكا دەڵێت، دوو كاری گرنگ لەو پڕۆژەیە ئەنجام دەدرێت، یەكەمیان دروستكردنی وێستگەیەكی گەورەیە بە تەكنەلۆجیای ژاپۆنی بۆ پاڵاوتن و پاككردنەوەی ئەو ئاوەی لە ماڵان دەردەچێت، جیا لە سوودوەرگرتن لە ئاوی باران. دووەمیان تۆڕی ئاو لە چەند گەڕەكێك دروست دەكرێت و بە ئاوی قورسی ئەم وێستگەیەوە دەبەسترێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پاككردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، ئەمە وەك قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا پڕۆژەكە فراوانتر دەكرێت و هەموو هەولێر دەگرێتەوە.
لەبارەی دەستپێكردنی قۆناغەكانی پڕۆژەكە دەڵێت، بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا یەك لەسەر هەشتی پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر دروست بكرێت و لە كاتی تەواوبوونی 100%ی پڕۆژەكەش، 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی ئاوەڕۆ لە ڕۆژێكدا پاك دەكاتەوە.
بە گوتەی ئەو لە قۆناغی یەكەمدا 75 كیلۆمەتر تۆڕی ئاوەڕۆی لەگەڵدایە كە هێڵە سەرەكییەكان و هێڵە ناوەندی و لاوەكییەكان دەگرێتەوە. بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە،سێ گەڕەكی شاری هەولێر لەگەڵ ئەو ئاوەڕۆیە دەبەسترێنەوە و ئاوی قورسی ماڵان، لە ڕێی ئەو سیستمەوە بۆ ئەو وێستگەیە دەڕوات، دواتر هەر لەو وێستگەیەدا ئاوە قورسەكە دەپاڵێورێت، بە جۆرێك دەگاتە 90%ی ئاوی ئاسایی كە تەنیا بۆ خواردنەوە ناشێت، بەڵكو بۆ كشتوكاڵ و سەوزایی و پیشەسازی و چەند بابەتێكی تریش بەكار دێت.
كاریگەری و سوودەكانی پڕۆژەكە:
پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر، چەندان گرفت كەم دەكاتەوە و لە ئەنجامدا سوودی جۆراوجۆری لێ دەكەوێتەوە لەوانە:
1- لە ڕووی ژینگەییەوە وادەكات ئاوی ژێرزەوی زیاتر پیس نەبێت.
2-تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی كەنده سەرەكییەكانی وەك (كەندی توڕەق و عارەب كەند) تەنیا ئاوی پاكی پێدا بڕوات.
3- ئەو ئاوەی لەسەر زەوییەكە دەمێنێتەوە واتا سەرخانەكەی، دەتوانرێت بۆ مەبەستی كشتوكاڵی سوودی لێ وەربگیرێت.
4-دەتوانری ئەو ئاوە بگەڕێنرێتەوە بۆ پاركەكانی وەك شانەدەر و سامی عەبدولڕەحمان و ئەوانی تر، تا بۆ مەبەستی ئاودان سوودی لێ وەربگیرێت.
5- ئەو پڕۆژەیە سوودی بۆ ناوچەكانی دەوروبەری شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری دەبێت بۆ زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لەو ناوچانەدا.