سبەی گفتوگۆ بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پەرلەمان دەكرێ‌

:: PM:12:21:04/10/2022 ‌
بڕیارەی سبەی پەرلەمانی كوردستان درێژە بە دانیشتنەكانی بدات، جگە لە پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركردن، بڕگەیەكی تر بۆ دانیشتنەكە زیاد كراوە كە بریتییە لە درێژكردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان.

پێشنیازە یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، لە 30ی مانگی ئەیلوول پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی كراوە، بڕیارە پێش مانگی تشرینی دووەم، پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی یەكەم، سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، سبەی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ژمارە نۆی هەیە و دوو بڕگە لە كۆبوونەوەكەدا هەیە.

زیاتر گوتی، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای "بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق"، لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەكرێ‌.

باسی لەوەش كرد، بەشی دووەمی كۆبوونەوەكە بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق) لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

هەریەك لە فراكسیۆنەكانی پارتی بە 45 ئەندام، یەكێتی بە 22 ئەندام، زۆرینەی گۆڕان كە خۆیان 12 كورسییان هەیە، پێكهاتەكان كە 11 ئەندامیان هەیە، واژوویان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان كردووە.



وشە - رامیار جەواد