ئەو ژنەی كوژرا بەرپرسێكی پەكەكەیە

:: PM:12:48:04/10/2022 ‌

بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، تەقە لە ژنێك كرا و كوژرا، دوای دەركەوت ئەو ژنە لە باڵێكی پەكەكەیە و تا ئێستە بەرپرسانی تەناهی هیچ شتێكیان ئاشكرا نەكردووە.

ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو ژنەی كوژراوە، ناسناوی (نیهان كەریم) /45 ساڵ/ـە، خەڵكی باكوری كوردستانە.

میدیای پەكەكە بڵاوی كردوەتەوە، ناوی ئەو ژنە ناگەهان ئاكارسەل ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژییە و لە گەڕەكی بەختیاریی شاری سلێمانی تیرۆر كراوە.

ناگەهان ئاكارسەر چالاكی بواری ژنان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیی ژنۆلۆژی بووە، خەڵكی شاری كۆنیای توركیایە و بە ڕەچەڵەك كوردە، لەڕێی ئەو گرووپە كە نزیك لە پەكەكەن كاری كردووە.

كوشتنی ئەو ژنە لە كاتێكدایە دوو هەفتەیە لەلایەن بەرپرسانی ئەو شارە، هەڵمەتێكی فراوان دژی ژنكوشتن دەستی پێكردووە و دەیان چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام دراون، بەڵام گومانی زۆر هەیە ئەو بابەتە پێوەندی بە بابەتی سیاسی هەبێت.



وشە - رامیار جەواد