ئوسترالیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ كاركردن لەگەڵ كوردستان دەربڕی

:: PM:01:11:04/10/2022 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق كرد، نوێنەرەكەی ئوسترالیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ كاركردن لەگەڵ كوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پاولا گانلی باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و هەنگاوەكانی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئوسترالیا، تاوتوێ كران.

باڵوێزی ئوسترالیا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ برەودان بە پێوەندیی دوولایەنە و هاریكاری و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی.

سەرۆكی حكوومەت وێڕای خستنەڕووی كورتەیەك لەبارەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، ئاماژەی بە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور كرد، بە شێوەیەك كە ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و پرەنسیپەكانی هاوسەنگی و بەشداریی ڕاستەقینە و سازان بگیرێت.

دۆخی ئاوارە و پەنابەران و دەرهاویشتە نەرێنییەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوو.



وشە - رامیار جەواد