پاریسی پایتەختی فرِەنسا رای گەیاند، یارییەکانی مۆندیالی قەتەڕ لەسەر شاشە زەبەلاحەکان له ناو شاره‌كه‌دا پەخش ناکەن، به‌مه‌ش پاریس هاته ریزی چوار شاری تری فڕه‌نسا، كه بڕیاری بایكۆتكردنی یارییه‌كانی مۆندیالیان داوه.
شارە گەورەکانی فڕەنسا یەک بە یەک دەچنە پاڵ هه‌ڵمه‌تێك، كه بۆ بایکۆتی مۆندیالی 2022 له قه‌ته‌ڕ ده‌ستی پێ كردووه، تا ئێسته‌ش شاره‌كانی "ستراسبۆرگ، بۆردۆ، لیل و مارسیلیا و پاریسی پایته‌خت" بایكۆته‌كه‌یان به فه‌رمی راگه‌یاندووه.
ئاژانسی هه‌واڵی فڕه‌نسا "فڕانس پرێس" بڵاوی كرده‌وه، هیچ یارییەکی مۆندیال لەسەر شاشە زەبەلاحەکان له‌و شارانه‌ی فڕه‌نسا پەخش ناکرێت لە ماوەی خوله‌كه‌دا، كه لە نێوان 20ی تشرینی دووەم تا 18ی کانوونی یه‌كه‌می داهاتوو لە قەتەڕ بەڕێوە دەچێت.
بیار رابادان جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس بۆ كاروباری وه‌رزشی گوتی: "بۆ ئێمە لە بنەڕەتدا هیچ بوارێک نەبوو بۆ دانانی شاشە بۆ پەخشکردنی یارییەکان لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان مەرجەکانی رێکخستنی مۆندیال لە قەتەڕ، به تایبه‌تی لە روانگەی ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەوە، دووەمیان کاتی یارییەکانه، كه ده‌كه‌وێته زستان.
سەرەڕای پێگەی یانەی "پاریس سانجێرمان" له فڕه‌نسا، كه قه‌ته‌ڕییه‌كان خاوەنداریه‌تیی دەکه‌ن، به‌ڵام پاریسی پایتەخت، رێگه بە دانانی هیچ پلاتفۆرمێکی هاندەران و هیچ شاشەیەکی زەبەلاح بۆ پەخشکردنی یارییەکانی پاڵەوانیه‌تییەکە نادات، پاریس رەتی دەکاتەوە بەشداریی لە بانگەشەکردنی مۆندیالی 2022 بکات، هه‌رچه‌نده هه‌ڵبژارده‌ی فڕه‌نسا یه‌كێكه له هه‌ڵبژارده به‌شداره‌كانی مۆندیال.