نیوەی كارەكانی بەشی یەكەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو دەبێت

:: PM:02:33:04/10/2022 ‌
پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی كە لە كابینەی نۆدا بەڵێنی دروستكردنی درا، ئێستە كارەكانی بەردەوامە. پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، بە تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانیەوە، درێژییەكەی 145 كیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە بڕی 400 ملیار دینار بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان كراوە و لە ماوەی كاركردنیدا، 600 ئامێر كاریان تێدا كردووە و زیاتر لە هەزار هەلی كاری راستەوخۆی ڕەخساندووە.

ئەبوبەكر تەیب بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە 34 كیلۆمەتر درێژە، لە شارۆكەی تاسڵووجەوە دەست پێ دەكات تا گوندی دەمركان و  46%ـی كارەكانی تەواو بووە.

67 ئاوباری كۆنكرێتی بۆ پەڕینەوەی ئاوی باراناو لەخۆ دەگرێت
لەبارەی پێكهاتەی پڕۆژەكەوە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی گوتی، شەقامەكە چوار سایدی هاتن و چوونە و پانییەكەشی 100 مەترە، هەروەها پێنج ئەندەرپاس، حەوت یەكتربڕ و سێ‌ پردی پەپوولەیی لەخۆ دەگرێت. جگە لەوەی لەسەر چەمی تاسڵووجە، پردێك دروست دەكرێت كە درێژییەكەی 500 مەترە و 20 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

لەبارەی دابینكردنی كارەبا و تۆڕی ئاو بۆ شەقامەكە رای گەیاند، قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، 67 ئاوباری كۆنكرێتی بۆ پەڕینەوەی ئاوی باراناو لەخۆ دەگرێت كە درێژایی هەریەكێكیان 110 مەترە، هەروەها تۆڕێكی كارەبای مۆدێرنی بۆ رووناككردنەوەی تەواوی شەقامەكە تێدایە.

بە تەواوبوونی ئەم قۆناغەی پڕۆژەكە، قەرەباڵغی و جەنجاڵیی بەشێك لە شەقامەكانی سلێمانی كەم دەبێتەوە و هاتوچۆی شۆفێران ئاسانتر دەبێت، هەروەها ئەم ناوچەیە لەڕووی ئابووری و گەشتیارییەوە دەبووژێتەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، كێشەی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی شەقامەكانی سلێمانی چارەسەر بكات و لە پێناو كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و سووتانی بەنزینی كەمتر لەناو شار و پاراستنی ژینگە، ئاسانكاریی تەواو بۆ شۆفێران بكات، ئەو شەقامەش ماوەی 11 ساڵ بوو بڕیاری دروستكردنی درابوو، كەچی جێبەجێ‌ نەكرابوو.




وشە - رامیار جەواد