دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیسیا بڕیاریان دا بەرپرسێکی ئیداری و بەرپرسێکی ئەمنی لە یانەی تۆپی پێی ئاریما بۆ تا هەتایە قەدەغە بکەن، ئەمەش دوای ئەو کارەساتە خوێناوییەی، کە لە یاریگایەکی شاری مەلانگ لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە روویدا و بەهۆیەوە 125 کەس گیانیان لەدەست دا.
ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی یه‌كه‌م، ئێروین تۆپینگ لە لیژنەی رێككاری له فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیندۆنیسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، عەبدول هاریس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە بەهۆی بەرپرسیاریه‌تیی لۆجستی و سوکۆ ساتریسنۆ بەرپرسی ئاسایشی یاریگه‌ی كانگۆرۆهات تا هه‌تایه له وه‌رزش و كاركردن له‌م بواره‌دا دوورخرانه‌وه.
ئێواره‌ی شەمووی رابردوو، دوای ئەوەی هەزاران هاندەری یانه‌ی ئاریما دوای شكستی تیپه‌كه‌یان به 2-3 گۆڵ بەرانبەر یانه‌ی پێرسیبایا سورەبایا هەڵیانكوتایە ناو یاریگه و لەگەڵ پۆلیسدا پێكیاندادا، كە بەهۆیەوە هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە بۆ بڵاوەپێكردنیان و دواتریش به هۆی شه‌ڕ و ئاژاوه و هه‌روه‌ها به‌هۆی به‌سه‌ریه‌كدا كه‌وتنی هانده‌ران له كاتی راكردن به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌كه، 125 كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و نزیكه‌ی 200 كه‌سیش بریندار بوون.
سەرۆکی یانەی ئاریما رۆژی دووشەم داوای لێبوردنی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە یانه‌كه‌ی بە شێوەیەکی تایبه‌تی "هاوکاری و پشتگیری" لە لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەکەن، هەروەها یانەکە قەرەبووی ماددی دەداتە کەسوکاری قوربانیان و بریندارەکان.
پۆلیسی ئیندۆنیسیا ئاشکرای کردووه، لێکۆڵینەوە لە 18 ئەفسەر دەکەن لەسەر تەقاندنی گازی فرمێسک‌ڕێژ له كاتی رووداوه‌كه‌دا.
دیدی پراسێتیۆ، گوتەبێژی پۆلیس بە پشتبەستن بە دۆزینەوە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی لە رووداوەکان، گوتی ئەم ئەفسەرانە "لە ئەرکدا بوون" و بەرپرسیارن لە "بەکارهێنانی گازی فرمێسک‌ڕێژ".
جێی ئاماژه‌یه له یه‌كه‌م رۆژی رووداوه‌كه‌دا وا بڵاوكرایه‌وه، كه 174 هانده‌ر گیانیان له ده‌ست داوه، به‌ڵام دواتر زانیارییه‌كان راست كرانه‌وه و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له ده‌ست دا 125 كه‌س بوون، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتێكی خوێناوی و گه‌وره‌یه له مێژووی وه‌رزشدا.