وەزارەتی دارایی عيَراق باسی دابەزینی نرخی دۆلار دەكات

:: PM:06:28:31/10/2022 ‌

ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی یاسای بودجەی 2023ی عێراقە، لەو یاسایەدا نرخی دۆلار جێگیر دەكرێت، هاوكات لەناو هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی دارایی دوایین زانیاری سەبارەت بە ئەگەری دابەزینی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكات.

عەبدولحەسەن جەمال، راوێژكاری دارایی لە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، وەزارەتی دارایی بە كردەنی دەستی بە ئامادەكردنی بودجەی 2023 كردووە، بەم نزیكانەیش پڕۆژەكە پێشكەش ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت.

روونی كردەوە، گۆڕینی نرخی دۆلار لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی حكوومەتە و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام تا ئێستە ئەو باسە لە بودجەدا نەخراوەتە روو، جیا لەوە هیچ سنوورێكی كاتی بۆ رەوانەكردنی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان دیار نییە، بەڵام كار بۆ رەوانەكردنی دەكەین لە نزیكترین كاتدا.

لەو كاتەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە پێشكەشكردنی بودجەی 2023ی عێراق كاری لەپێشینەی حكوومەتی نوێیە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی كردووە بە زووترین كات یاسای بودجەی 2023 رەوانە بكات بۆ تاوتوێكردنی و خستنەڕووی لە ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاردان لەسەری.

لەلایەكی تر ئەمڕۆ سوودانی لەگەڵ مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق كۆ بووەوە و باسی كارەكانی بانكەكە و كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئابووری عێراقیان كرد، ئەوە لەو كاتەی هەر گۆڕینێكی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل