سەركۆنەكردنی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامە

:: PM:04:59:23/11/2022 ‌

هەفتەی رابردوو ئێران بە مووشەك و درۆن هێرشی كردە سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، كە شەهید و برینداری لێ كەوتەوە، ئەوەش یەكەم هێرشی ئێران نەبووە، هاوكات لە هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی خۆسەری رۆژئاوا و هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئەمڕۆ میسر و ئەمەریكا سەركۆنەی پێشێلكارییەكانی ئەو دوو وڵاتەیان كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم ئەحمەد ئەبو زێد، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەكدا گوتی، میسر بە نیگەرانییەكی زۆرەوە چاودێری دۆخی عێراق و سووریا لە چەند رۆژی رابردوو دەكات، لە پێشێلكاری ئێران و توركیا بۆ سەروەری خاكی ئەوان.

دووپاتی كردەوە كە میسر بە گرنگی و بە بەردەوام چاودێری پەرەسەندنەكانی دۆخی ئەو دوو وڵاتە دەكات و داوای هێوركردنەوەی دۆخەكەیان دەكات، ئەوەش بۆ رێگرتن لە خوێنڕشتن و دوورخستنەووەی هۆكاری ناسەقامگیری لە ناوچەكە.

هەر ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە ئێران لە پێشێلكردنی یەكێتی خاكی عێراق لە رێگەی هێرشە بكوژەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامە.

زیاتر دەڵێت، ئەمەریكا بەتوندی ئەو پێشێلكارییە دووبارەبوو و نابەرپرسیارانە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی عێراق سەركۆنە دەكات، بۆیە پێویستە ئێران واز لە هەڕەشە و توندوتیژی زیاتر بێنێت.

شایەنی باسە لە هەفتەی رابردووەوە هەریەك لە ئێران توركیا هاوكات دەستیان بە بۆردمانی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و خۆسەری رۆژئاوا لە سووریا كردووە، كە ژمارەیەك شەهید و برینداری لێ كەوتەوە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش لای خۆیەوە سەركۆنەی ئەو بۆردمان و هێرشانەی كرد و بە پێشێلكردنی سەروەری عێراقی دانان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل