ژماره‌یه‌ك دز كه تا ئێسته نازانرێ چه‌ندن، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر مۆزه‌خانه‌یه‌ك له به‌رلین و سه‌تان دراوی شوێنه‌واریی زێڕیان دزیوه كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شارستانیی كلتی، تا ئێسته دزه‌كان نه‌گیراون و زیانێكی زۆر به مۆزه‌خانه‌كه گه‌یشتووه.
پێگه‌ی "ئیلاف" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 24ی تشرینی دووه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و دراوه زێڕینه شوێنه‌وارییانه‌ی له مۆزه‌خانه‌ی مانچینگ له هه‌رێمی باڤاریا دزراون، مه‌زه‌نده ده‌كرێ سه‌تان دراو بن كه به‌هایان ده‌كاته یه‌ك ملیۆن و 600 هه‌زار یۆرۆ، جیا له به‌های شوێنه‌وارییان. كرده‌ی دزییه‌كه له ماوه‌ی نۆ خوله‌ك ئه‌نجام دراوه.
ئاماژه به‌وه دراوه كه دزه‌كان به‌رله كرده‌كه‌یان، ته‌واوی كامێرای چاودێریی مۆزه‌خانه‌كه‌یان تێكداوه، هاوكات له كاتی دزییه‌كه‌یان هێڵی ئینته‌رنێتیشیان بچڕاندووه، بۆیه تا ئێسته نه‌زانراوه كێن و كه‌سیش به‌و تۆمه‌ته نه‌گیراوه. وێڕای ئه‌وه‌یش ئێسته پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌له دزییه‌كه ده‌كات.
پێگه‌كه زیاتر نووسیویه‌تی بۆ رۆژی دواتر كه فه‌رمانبه‌ران بۆ ده‌وامی خۆیان هاتوون، ورده شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كان و چه‌ند دراوێكی زێڕیان له‌سه‌ر زه‌وی بینیوه.
وه‌ك ئه‌وه‌یه هاوڕێیه‌كی زۆر كۆنم له ده‌ست دابێت.
رۆبێرت گیبهارد كه له مۆزه‌خانه‌كه سه‌رپه‌رشتیی كۆمه‌ڵه شوێنه‌وارییه‌كان ده‌كات، خه‌می زۆری بۆ میدیاكان ده‌ربڕیوه و گوتوویه‌تی، دزینی دراوه زێڕینه‌كان بۆ من، وه‌ك ئه‌وه‌یه هاوڕێیه‌كی زۆر كۆنم له ده‌ست دابێت.
پۆلیسی ئه‌ڵمانیایش له‌باره‌ی جۆری دزینه‌كه گوتوویه‌تی، دزییه‌كه كاری باندێكی تاوانكارییه، دروست به‌و دزییانه ده‌چێت كه پێشتریش كراون.
له ساڵی 2017دا پارچه دراوێكی زێڕینی گه‌وره له مۆزه‌خانه‌ی به‌رلین دزرابوو كه كێشه‌كه‌ی 100 كیلۆگرام بووه. دوو ساڵ دوای ئه‌وه‌ش 21 پارچه‌ی خشڵی شوێنه‌واری له مۆزه‌خانه‌ی دریسدن دزرابوو.