وانەبێژان كەی و چۆن دادەمەزرێن؟

:: PM:09:55:26/11/2022 ‌

وانەبێژان ئەو توێژەی ساڵانێكە خزمەت دەكەن هەموو خواستێكیان ئەوەیە لە پشەكانیان دابمەزرێن، بۆیە ئێستە هەوڵێكیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەو مەبەستە، نوێنەری ئەوان وادەی دامەزراندنی وانەبێژان ئاشكرا دەكا و دەڵێت، بریار دراوە كە بەشێوەی گرێبەست و لەسەر بنەمای خاڵبەندی دابمەزرێن.

سەڵاحەدین حاجی، نوێنەری وانەبێژانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمرۆ شەموو لە میانەی كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم، زۆر بابەت و پرسی گرنگمان لەبارەی چارەنووسی وانەبێژان تاوتوێ كرد.

زیاتر گوتی، ئەوەی كە ئەمرۆ لە وەزارەت پێمان راگەیەندرا ئەوەیە كە وانەبێژان لە ساڵی خویندی ئایندە و بەپێی خاڵبەندی، ساڵانە چەند هەزارێكیان دەكرێنە گرێبەست، چونكە دامەزراندنی 30 هەزار وانەبێژ بەیەكجار، بارگرانی و پەستانی زۆر بۆ حكومەت دروست دەكات، لە رووی داراییشەوە ناتوارێت ئەوە بكرێت.

روونی كردەوە، خاڵبەندی ئەو وانەبێژەی كە دادەمەزرێت، بەپێی ساڵانی خزمەت و چەند پێوەرێكی ترە، لەوانە هەبوونی شەهید و بڕوانامە و خزمەتی دەرەوەی شار و چەندان پێوەری تر.

شایەنی باسە ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەن، 30 هەزار كەسە و ساڵانە ئەم رێژەیە زیاتر دەبێ و مامۆستای نوێ دادەنرێت، حكوومەتی هەرێمیش لە بەرنامەیدایە لە ساڵی ئایندەوە ساڵانە چەند هەزارێكیان بەپێی خاڵبەندیی بە شێوەی گرێبەست دابمەزرێنێت.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل