سوودانی هێنانەوەی 182 ملیار دیناری راگەیاند

:: PM:07:40:27/11/2022 ‌

مانگی رابردوو دزییەكی گەورە بەناوی دزی سەتە لە عێراق ئاشكرا بوو، كە 2.5 ملیار دۆلار (3.7 ترلیۆن دینار)، لە حیسابی دەستەی گومرگ لە بانكی رافیدێن لە بەغدا لە ماوەی نێوان مانگەكانی ئەیلوولی 2021 و ئابی 2022 ون بووە، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق زانیاری نوێی ئاشكرا كرد بەوەی توانیویانە بەشێك لەو پارە دزراوە بگەڕێننەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لایەنە تایبەتمەندەكان توانیویانە وەجبەی یەكەمی ئەو پارەی دزرابوو، كە زیاتر لە 182 ملیار دینارە، بگەڕێننەوە، هەروەها چەند لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پیك هێنراوە بۆ لێوردبوونەوە لەو چەكانەی لە حیساباتی باج خەرج كراوە.

زیاتر گوتی، لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە پێشێلكاری و كەمتەرخەمەكانی دەستنیشان كردووە كە ئاسانكاریان بۆ دزییەكە كردووە، كە چەند لایەنێك لەناو دەستەی باج و هیتریش لە چاودێری دارایی و بەرپرس ئەوان ئاسانكاریان بۆ ئەو دزییە كردووە، بۆیە بەڵێن دەدەین بە راگەیاندن و ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی ئاسانكاریان بۆ دزینی ئەو پارەیە كردووە،ئەوەش لە دوای كۆتاهاتنی لێكۆڵینەوەكان.

سوودانی ئاماژەی كرد، چاوپۆشی لە هیچ لایەنێكی تێوەگلاو لە دزینی حیساباتی باج ناكەین، چەند لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە هەن گەیشتتوونەتە ئەنجامی كە 114 چەك بۆ تۆمەتبار نوور زوهێر خەرج كراوە و پارەكەشی زیاتر لە ترلیۆنێك دینار بووە، بۆیە دادوەری تایبەتمەند بە دۆسیەكە فەرمانێك بە ئازادكردنی ئەو بە كەفالەت دەردەكات، بەو پێیەی تەواوی ئەو بڕە پارەیە لە ماوەی دوو هەفتە رادەست بكاتەوە.

دووپاتی كردەوە كە ئەو پارەی خەرج كراوە دەگاتە سێ ترلیۆن و 754 ملیار و 642 ملیۆن و 664 هەزار دینار، بۆیە داوا لە تاوانبارانی فەرمانی گرتنیان بۆ دەركراوە، كە خۆیان و پارە دزراوەكان رادەست بكەنەوە و دادگەش بەپێی یاسا یارمەتیان دەدات.

بەپێی زانیارییەكان بابەتی هێنانەوەی پارە دزراوەكان یەكێك بووە لە بابەتەكانی سەردانی سوودانی بۆ ئوردن، كە بەم دواییە سەردانی عەمانی كرد و چاوی بە شا عەبدوڵای دووەم كەوت، ئەوەش بەو هۆیەی زۆرینەی تۆمەتباران بە تێوەگلاوان لەو دزییە گەورەیە بۆ ئوردن هەڵاتوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل