فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی حكوومەتی هەرێم و پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 28ی تشرینی دووەم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، لە شاری بەغدا، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بانكی ناوەندی فیدراڵیان كرد و لەلایەن مستەفا غالب، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقەوە پێشوازی كران.
لە دیدارێكدا كە ئیحسان یاسری، ڕاوێژكاری بانكی ناوەندی ئامادەی بوو، هەردوولا دووپاتیان لەسەر هاوئاهەنگی نێوانیان كردەوە لەبارەی رێكخستنەوەی كەرتی بانكی و بەردەوامیدان بە تەواوكردنی ڕێكارەكانی دروستكردنی بانكی نیشتمان لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان بتوانن سوودی لێوەر بگرن.
ماوەی دوو ڕۆژە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر چەند پرسێكی گرنگی تایبەت بە شایستەكانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی، سەردانی بەغدایان كردووە و چەندان كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە.
شاندەكە پێكهاتوون لە كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا.