ئارەقەكردنی شەوانە تا چەند مەترسیدارە؟

:: PM:08:04:30/11/2022 ‌

شتێكی ئاساییە كە مرۆڤ نەخۆش بكەوێت، چونكە هۆكارەكانی نەخۆشی زۆرن و بەرگری لەشی مرۆڤیش هەموو كات لە بەرزیدا نییە، جیا لە نەخۆشییە وەرزییەكان، بەڵام پێویستە مرۆڤ خۆی بپارێزێت، بەتایبەتی لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان، زوو پشكنین بكا و چارەسەری وەربگرێت.

شارەزایانی بواری تەندروستی دەڵێن، رەنگە ئارەقەكردنی شەوانە ئاماژەیەك بێت بۆ تووشبوون بە چەند جۆرێكی نەخۆشی شێرپەنجە، كە ئەوەش پشكنینی زوو و خێرای دەوێت، بۆ رێگرتن لە تەشەنەكردن و چارەسەركردنی، لەوانەش شێرپەنجەی خوێن و جگەر و ئێسك و هیتریش.

ئەوەی زانراوە كە لەشی مرۆڤ بۆ خۆساردكردنەوە پەنا بۆ ئارەقەكردن دەبات، ئەگەریش هەیە دەردانی ئارەقە نیشانەیەك بێت بۆ بوونی نەخۆشی لە لەشدا، وەك رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی باسی دەكات، ئەگەرچی توێژەران تا ئێستە نازانن بۆچی هەندێك جۆری شێرپەنجە دەبێتە هۆی ئارەقەكردنی شەوانە، بەڵام رەنگە هەوڵێك بێت لەلایەن لەشەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرێكە.

جیا لەوە شارەزایان ئەوەش دەڵێن كە رەنگە ئارەقەكردنی شەوانە بەهۆی گۆڕانكاری هۆرمۆنییەوە بێت بەهۆی تووشبوون بەو نەخۆشییەوە، بەگشتی ئارەقەكردنی شەوانە یان بەرۆژیش، ناكرێت بە نیشانەیەكی تووشبوون بە شێرپەنجە دابنرێت، چونكە رەنگە ئاماژە بۆ شێوانی تری تەندروستی بكات كە هەندێكی مەترسیدار نییە.

ماڵپەڕی خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانی روونی دەكاتەوە كە شتێكی ئاساییە مرۆڤ شەوانە ئارەقە بكات، ئەگەر بەهۆی گەرمی ژوورەوە یان جۆری پۆشاك و پێخەڤەوە بێت، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە ئەگەر پلەی گەرمی ژوورەكە ئاسایی بێت یان سارد بێت ئارەقەش بكرێت.

جیا لەوە دەكرێ ئارەقەكردنەكە بەهۆی وەرگرتنی هەندێك چارەسەری و دەرمانەوە بێت، وەك دژەخەمۆكی یان وەستانی خوێن لە سووڕی مانگانە یان رارایی و دابەزینی ئاستی شەكرەی خوێن، یان بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و خواردنەوەی كحول.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل