ئەمەریكا بەتوندی توركیا لەهەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی وریا دەكاتەوە

:: PM:09:17:30/11/2022 ‌

لەوكاتەی توركیا دەڵێت كە سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە باكوری سووریا، بۆ ئەو مەبەستەش گڵۆپی سەوزی لە رووسیا وەرگرتووە و ئەمەریكا ماوە، بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە كە هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا لە پاڵپشتیكردنی هەسەدە بەردەوامن.

ئەمڕۆ چوارشەم بەرپرسێك لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا گوتی، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا هێزەكانمان لە چوارچێوەی كار و ئەركەكانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا، لە پاڵپشتیكردنی سەربازی و شەڕوانی هێزەكانی هەسەدە و پێدانی چەكی پێویست پێیان، بەتایبەتی پێكهاتەی كورد بەردەوام دەبن. 

روونی كردەوە، كۆشكی سپی رێنوێنی داوە بە بەردەوامبوون لە پاڵپشتیكردنی هەسەدە، بۆ بەهێزكردنی سەقامگیری لە سووریا لە بەرانبەر رێكخراوی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانیتر، دووپاتی كردەوە كە ئیدارەی بایدن هەمان هەڵەی ئیدارەی ترەمپ دووبارە ناكاتەوە، ئەوكاتەی وازی لە پاڵپشتیكردنی كوردانی سووریا و عێراق هێنا، كە رۆڵێكی كاریگەریان لە نەهێشتنی تیرۆر لە سووریا هەبووە، بۆیە یارمەتیدانیان پێویستە و ستراتیجییە.

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە كە ناوی ئاشكرا نەكردووە گوتی، رۆڵی توركیا لە سووریا باش نەبووە، بەتایبەتی لە ناوچەی ئیدلب، كە چەند گرووپێكی سەر بە رێكخراوی قاعیدە لە ژێر چاوی هەواڵگری توركیا چالاكن، بۆیە لە چەند سەعاتی رابردوودا واشنتن وریاكردنەوەیەكی توندی داوەتە ئەنقەرە لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەسەدەدا، بەوەی دەبێتە كردنەئامانجی هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكە. 

لای خۆیەوە ئەمڕۆ چوارشەم ئەنالینا بیربووك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە توركیا كرد كە بەپەلە دەست لە ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باكوری سووریا و بۆردمانەكانی هەرێمی كوردستان هەڵبگرێت. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل