گەشتیاری یەكێكی ترە لە سەرچاوەی داهات، عێراق كە بە نەوت و غاز و كانزا دەوڵەمەندە، خاوەنی ئاو و خاكی بەپیتە بۆ كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆراك، ئەوە لەپاڵ دەیان سامانی تری سروشتی لەناو خاكەكەی، لەسەر هەموو ئەوانە خاوەن دەیان شوێنی گەشتیاری و پیرۆزی ئاینی و سروشتییە، بەڵام گەشتیاران رووی تێ ناكەن، رێكخراوێكی نێودەوڵەتی هۆكارەكەی روون دەكاتەوە.
بە كورتی ئەو رێكخراوە عێراقی خستووەتە ریزی ئەو وڵاتانەی مەترسیدارترینن لە دنیا و خەڵك وریا دەكاتەوە لە 2023 گەشتی بۆ بكەن، ئەوەش لەپاڵ وڵاتانی ئەفغانستان و سووریا و مالی و ئۆكراینا، وەك رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكی رێكخراوی "ئینتەرناشیۆنال ئێس ئۆ ئێس"، كە بارەگای لە ئەمستردامە و لەلایەن شارەزایانی تەناهی و پزیشكی ئامادە كراوە، باسی دەكات.
ئەو شارەزایانە مەترسیدارترین وڵاتانی دنیایان بۆ گەشتكردن بە مەبەستی كاركردن یان گەشتیاری دیاری كردووە، واتە بوونی هەڕەشە لەسەر گەشتیاران بەهۆی توندوتیژی سیاسی و یاخیبوون و پشێوییەكانی پێوەست بە سیاسەت و جەنگ و ئاڵۆزی و ململانێ كۆمەڵایەتییەكانی وەك توندوتیژی مەزەوی كۆمەڵگەیی و ئەتنی و تاوانەكان.
بەپێی پۆلێنەكە مەترسیدارترین وڵاتان بۆ گەشتكردن لە 2003 بۆ لایەنی تەناهی بریتین لە ئەفغانستان و سووریا و سۆماڵ و مالی و لیبیا و هاییتی و كۆریای باكور و نەیجەر و ئۆكراینا و عێراق، چونكە دەسەڵاتی حكوومەت لەو وڵاتانە سنووردار و لاوازە یان لە چەندان ناوچەی ئەو وڵاتانە هەر نییە، جیا لە بوونی هەڕەشەی رژد و ئەگەری هێرشی مەترسیداری گرووپە چەكدارەكان، كە گەشتیار و فەرمانبەرانی نێودەوڵەتی دەكەنە ئامانج.