فایه‌ر ئۆزێرڤه‌ر وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌..بۆچی تاران ترسی زۆری له‌ كورد هه‌یه‌؟

:: PM:06:04:01/12/2022 ‌
پێگه‌ی فایه‌ر ئۆبزێرڤه‌ر بابه‌تێكی به‌ ناونیشانی "بۆچی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ دانیشتووه‌ كورده‌كه‌ی سنووری ئێران ده‌ترسێت" بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی داوه‌، كوردانی سنووری ئێران چیرۆك و دۆخی ژیانیان به‌ ته‌واوی هاوشێوه‌ی براكانیانه‌ له‌ عێراق و توركیا و سووریا، كوردبوون كێشه‌ و تاوانه‌ و واته‌ی كه‌مترین ماف و كه‌مترین هه‌لی كار و ژیانێكی شایسته‌، هاوكات كه‌مترین بژاره‌یشت له‌به‌رده‌ستدایه‌، تا ناڕه‌زایی ده‌رببڕیت و ڕووبه‌ڕووی ڕژێمی ئیسلامی ببێته‌وه‌، كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه‌ك جیا له‌ مه‌رگی خه‌ڵكه‌كه‌ هیچ بژاره‌یه‌كی تر ناگرێته‌به‌ر و بووه‌ته‌ سته‌مكارێكی خوێنڕێژ.

له‌ بابه‌ته‌كه‌ باس له‌ سه‌رهه‌ڵدانی خۆپێشاندان و ڕاپه‌ڕینی شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ به‌ره‌ئه‌نجامی شه‌هیدكردنی ژینا ئه‌مینی له‌لایه‌ن پۆلیسی ئادابی تارانه‌وه‌ باسی لێوه‌ كراوه‌ و تێیدا هاتووه‌، په‌یامه‌كه‌ی باوكی ژینا له‌كاتی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی كچه‌كه‌، كه‌ گوتی، ئه‌مه‌ كچی كوردستان و داواكارانی ئازادی و سیمبۆلی به‌رگرییه‌، له‌ دوای ئه‌مه‌وه‌یش خۆپێشاندانه‌كان له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان و ته‌واوی ئێران و ئێرانییه‌كان له‌ وڵاته‌ جیا جیاكانی جیهان ده‌ستی پێكرد و ژینا ئه‌مینی بووه‌ سیمبۆلی به‌رگری له‌ ژنان له‌ كوردستان و ئێران و ته‌واوی جیهان.

له‌ به‌رانبه‌ریشدا هێزه‌ به‌كرێگیراوه‌كانی ڕژێم به‌ زه‌بری هێز و گولـله‌ ڕووبه‌ڕووی خۆپێشانده‌ران بوونه‌وه‌ و به‌ گوێره‌ی دوا ئاماره‌كانیش تا ئێسته‌ نزیكه‌ی 250 خۆپێشانده‌ر شه‌هیدكراون و زیاتر له‌ 12 هه‌زار كه‌سیش گیراون و خراونه‌ته‌ گرتووخانه‌كانه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش تا ئێسته‌ نه‌توانراوه‌ خۆپێشاندانه‌كان به‌ ته‌واوی كپ بكرێته‌وه‌ و كۆتایی پێ بهێنرێت.

ڕژێمی كۆنه‌په‌رستی تاران هه‌ر به‌وه‌ نه‌وه‌ستا و بگره‌ به‌ مووشه‌ك و درۆن هێرشی كرده‌ سه‌ر باره‌گه‌ی حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له‌ باشوور و ئه‌مه‌یش چه‌ند جارێك دووباره‌ بووه‌، هاوكات به‌رپرسانی ئێران له‌باره‌ی ئه‌م توندوتیژی و هێرشانه‌ی بۆ سه‌ر كورد ده‌ستیان پێكردووه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌، كه‌ هۆكاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ كورده‌كان ده‌یانه‌وێ جیا ببنه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن و دۆسیه‌ی ژینا ئه‌مینیش ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی ئه‌و ئامانجه‌یانه‌وه‌، بۆیه‌ به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.

به‌هۆی ترسی زۆری ڕژێم له‌ خه‌ڵكی كورد، شاره‌كانی باكوری ڕۆژئاوای ئێران كه‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانی سنووری ئێرانه‌، زۆرترین سه‌رباز و پاسدار و به‌كرێگیراوی لێ كۆكرایه‌وه‌ و به‌ لێشاو خه‌ڵك ده‌گیرێت و له‌سێداره‌ ده‌درێت، تا كۆتایی به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بهێنرێت. به‌ڵام ئه‌و بیانووه‌ له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌، ته‌نیا بۆ خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهانه‌، چونكه‌ كورده‌كانی ئه‌و وڵاته‌ تا ئێسته‌ به‌ فه‌رمی داوایه‌كی له‌م چه‌شنه‌یان نه‌كردووه‌ و ئه‌و خه‌ڵكه‌یشی كه‌ خۆپێشاندان له‌ شاره‌ كوردییه‌كانی سنووری ئێران ده‌كات، چه‌كدار و سیاسی نین و بگره‌ سه‌ركردایه‌تیشیان نییه‌ و بگره‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و ڕق و تووڕه‌یی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌و هه‌موو سته‌مه‌ ده‌رده‌بڕن كه‌ ڕژێم و هێزه‌كانی به‌رانبه‌ر به‌ كورد له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 40 ساڵی ڕابردوو ئه‌نجامیان داوه‌.

له‌ ڕاستیدا كوردبوون له‌ ئێران و عێراق و سووریا و توركیایش هێنده‌ ئاسان نییه‌ و بگره‌ پێناسه‌ی كوردبوون زۆر قورس و ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام ئه‌و گه‌له‌ سته‌مدیده‌یه‌ سه‌ركوت ده‌كرێن و له‌ هه‌موو مافێك بێبه‌ش ده‌كرێن و به‌ زه‌بری ئاگر و ئاسن په‌لامار ده‌درێن و  به‌لێشاو له‌سێداره‌ ده‌درێن و زمانه‌كه‌یان له‌ ئێران و توركیا قه‌ده‌غه‌یه‌ و فێربوون و خوێندن و كار و دامه‌زراندن و هه‌موو شتێك له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانه‌وه‌ بۆ كورد قه‌ده‌غه‌یه‌ یان كه‌مترین چانسیان له‌و بوارانه‌ هه‌یه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕژێمانه‌ ده‌یانه‌وێ جیا له‌ ڕێگه‌ی هێرش و له‌ناوبردنی كورد، به‌ له‌ ڕووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌وه‌یش شووناس و ناسنامه‌ی كوردبوون له‌ خه‌ڵك بسه‌ننه‌وه‌، جۆره‌ كوردێك بوونی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌ زمانی دایكیشی كه‌ كوردییه‌ له‌ ماڵه‌وه قسه‌ بكات، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری ماڵ ده‌بێ ته‌نیا فارسی و توركی بزانێت.

كوردانی ڕۆژهه‌ڵات ماوه‌ی زیاتر له‌ 40 ساڵه‌ و له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی خومه‌ینی به‌سه‌ر سیسته‌می پاشایه‌تی له‌ ئێران، ڕووبه‌رووی زۆرترین هه‌ڕه‌شه‌ و ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی و ناسه‌ربازی ده‌بنه‌وه‌، به‌و ئامانجه‌ی به‌ ته‌واوی قڕ بكرێن و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییان لێ بسه‌نرێته‌وه‌ و له‌ پێناوی كار و خوێندن و ده‌سكه‌وتنی ژیان كوردبوونیان له‌بیر ببرێته‌وه‌، بۆیه‌ كاتێك ڕژێمێك درك به‌و هه‌موو تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ بكات كه‌ به‌رانبه‌ر به‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامی داوه‌، ئه‌و گه‌له‌یش ده‌رفه‌تێكی هه‌بێ تا هه‌وای ئازادی هه‌ڵبمژێت، ئه‌وا ڕژێم زۆرترین ترسی لێی ده‌بێت و سه‌رشێتانه‌ هه‌موو ئامرازێك بۆ سه‌ركووتكردنیان به‌كارده‌هێنێت.



وشە - تایبه‌ت