خەریكە حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، یان دەوڵەتی یاسا و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئێران، بەهێواشی دەست بۆ كارتە هەستیارەكە دەبەن، دەزگای هەواڵگری عێراق، ئەو دەزگایەی لەلایەن ئێران و میلیشیاكانییەوە بە كاركردن بۆ ئەمەریكا و تێوەگلان لە كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس تۆمەتبار دەكرا.
بەم دواییە حكوومەتی عێراق دەستی كردووە بە گۆڕینی بەرپرس و فەرماندەی شوێنە هەستیارەكانی دەزگەی هەواڵگری نیشتمانیی عێراق، لەناو بوونی گومان لەسەر ئەوەی ئەو گۆڕانكارییانە بەهۆی گەندەڵی یان كەمتەرخەمییەوەن یان ململانێی دەسەڵات و پاكتاوكردن لە بەرژەوەندی هێزەكانی دەسەڵات.
سەرچاوەكان لە عێراق دەڵێن، بەم دواییە ژمارەیەك بەڕێوەبەری دەزگاكە بەناوی تێوەگلان لە گەندەڵی لادراون، لەوانە بەڕێوەبەری ئاسایش و بەڕێوەبەری چاودێری و بەڕێوەبەری تەكنیكی و بەڕێوەبەری كارگێڕی لە دەزگاكە، دەزگەی باڵای نەهێشتنی گەندەڵیش بڕیاری بانگكردن و قەدەغەی گەشتكردنی بۆ رائید جوحی، سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری دەركرد.
دوای ئەو راپۆرتانەی باسی ئەوەیان كرد كە پۆستی سەرۆكی دەزگەی هەواڵگری نیشتمانی لەلایەن هەردوو میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی حزبوڵاوە ململانێی لەسەرە، سوودانی بڕیاری دا راستەخۆ سەرپەرشتی كارەكانی ئەو دەزگایە بكات،
رائید حامد، توێژەر لە سەنتەری "تریندز"، دەڵێت، هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵی دەستگرتن بەسەر دەزگەی هەواڵگری دەدەن.
روونی كردەوە، دەتوانینی بڵێین بەرنامەی نەهێشتنی گەندەڵی كە سوودانی كاری لەسەر دەكات، بەشێوەیەكی سەرەكی سەرنج دەخاتە سەر هێز و كەسایەتییەكانی لای چوارچێوەی هاوئاهەنگی خوازراو نین، دووپاتی كردەوە، فەرماندەی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە مستەفا كازمی رازی نەبوون، ئەگەرچی لەسەردەمی ئەودا دەسەڵاتیان زیاتر بوو، ئەوەش بۆ رازیكردنیان.
ئەو توێژەرە ئاماژەی كرد كە مستەفا كازمی 300 فەرمانبەری سەر بە میلیشیاكانی لەو دەزگایە دوور خستنەوە، ئەوەش ئەوانی توڕە كرد و بەوە تۆمەتباریان كرد كە بۆ بەرژەوەندی وڵاتێكی ناوچەكە كار دەكات، جیا لەوەی بە تێوەگلان لە كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس تۆمەتباریان كرد.
ئەو توێژەرە ئاماژە دەكات، بۆیە شتێكی سەیر نییە یەكەم بڕیارەكانی سوودانی، كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی دەكات، رێكخستنەوەی دەزگای هەواڵگری و دوورخستنەوەی نەیارانیانە لە لایەنگرانی كازمی و سەدرییەكان، هەروەها بێدەسەڵاتكردنی فەرماندە كورد و سوننەكان، ئەوە ئەگەر بەهۆی بەشبەشێنەوە لا نەدرێن.