دڵ یەكێكە لە گرنگترین ئەندامەكانی لەش، لەگەڵ دروستبوونی ئەندامەكانی لەش لەناو منداڵدان دەست بە لێان دەكا و بێ وەچان تا كۆتایی ژیان ناوەستێت، جیا لە بوونی كێشەی زكماكی، شێوازی ژیان و سیستمی خۆراكی ناتەندروست كاری تێ دەكەن و تووشی كێشەی دەكەن، بەڵام ئەو نیشانانە چین كە رەنگە دەری بخەن كێشە لە تەندروستی دڵدا هەیە؟
وەك لە ماڵپەڕی
"Webmd"، بڵاو كراوەتەوە لە خوارەوە چەند نیشانەیەك هەن، رەنگە ئاماژە بۆ بوونی كێشە لە دڵ بكەن، بۆیە ئەگەر ئەو نیشانانە هەبوون پێویستە مرۆڤ پشكنین بكا و سەردانی پزیشكی شارەزا بكات.
1-پچڕانی هەناسە لەكاتی خەودا یان زەحمەتی هەناسەدان، واتە پرخەی پچڕ پچڕ لە كاتی خەودا، كە رەنگە هۆكارەكەی نەگەیشتنی بڕی پێویستی ئۆكسجین بێت بۆ مێشك، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونی پەستانی خوێن و ناڕێكی لێدانی دڵ و جەڵتە و كێشە لە كاری دڵدا.
2-دەركەوتنی پەڵە و زیپكەی زەرد و پرەتەقاڵی لەسەر پێست و لە نێوان پەنجەكاندا، ئەویش بەهۆی رێژەی زۆری چەورییە سیانییەكانەوەیە كە رۆڵی گەورەیان لە تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان هەیە.
3-لاوازی هێزی قۆڵ و باسك، توێژینەوەكان دەڵێن ئاماژەیەكی تەندروستی دڵ، گرتنی بەهێزی شتەكانە بەدەست.
4-دەركەوتنی پەڵەی رەش لەژێر نینۆك، هەروەها لە حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە دەردەكەوێت، بەڵام ئەوانەی هەیانە ئەگەری تووشبوونیان بە كێشەی دڵ زیاترە.
5-سەرسووڕان، زۆرجار هۆكارەكەی بوونی كێشەیە لە دڵدا، چونكە وەك پێویست خوێن بۆ مێشك پاڵ نادات، دەكرێ ئاماژەیەكیش بێت بۆ ناڕێكی لێدانی دڵ یان كەموەكورتی لە فەرمانی دڵ یان دڵەكوژێ.
6-كێشەی سێكسی، رەنگە ئەو جۆرە كێشەیە پێوەندی بە دڵەكوژێوە هەبێت، بەتایبەتی ئەو پیاوانەی بەدەست كێشەی رەقبوونی ئەندامی نێرینەیان بەهۆی بوونی كێشە لە سووڕی خوێنەوە دەناڵێنن، كە ئەوەش بەهۆی بەرزیی پەستانی خوێن و ئاستی كۆلیسترۆڵەوە دەبێت، جیا لەوەی كێشەی دڵ كار لە خواستی سێكسی ژنیش دەكات.
7-گۆڕانی رەنگی پێست، بەهۆی لاوازی سووڕی خوێن ئەگەری هەیە رەنگی پێست یان پەنجەكان بەرەو خۆڵەمێشی یان شین بگۆڕێت، ئەوەش بەهۆی بوونی كێشە لە دڵ یان گیرانی لوولەكانی خوێن.
8-خوێنبەربوونی پووك، ئاوسان یان خوێنبەربوونی پووك مەترسی تووشبوونی دڵەكوژێ زیاتر دەكەن.