بایدن و ماكرۆن: نابێت ئێران پەرە بە چەكی ئەتۆمی بدات

:: PM:10:38:01/12/2022 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دووپاتیان لەسەر چەند هەڵوێستێكی هاوبەش كردەوە، لەوانە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی ئۆكراینا و سوورن لەسەر ئەوەی نابێت ئێران پەرە بە چەكی ئەتۆمی بدات.

بەپێی بەیاننامەكە هەردوو سەرۆك پاڵپشتی خۆیان بۆ ئۆكراینا دووپات كردەوە، بەتایبەتی لە رووەكانی سیاسی و تەناهی و مرۆیی و ئابوورییەوە، بەوەی پاڵپشتی بكەن تا ئەو كاتەی پێویست دەكات.

لەلایەكی تر هەردوو سەرۆك ستایشی خۆپێشاندەرانی ئێرانیان كرد، كە لە چەند مانگی دواییدا لە دوای كوژرانی ژینا ئەمینییەوە رژاونەتە سەر شەقام، بەپێی بەیاننامەكەی كۆشكی سپی، هەردوو سەرۆك رێزی خۆیان بۆ گەلی ئێران پێشان داوە، بەتایبەتی ژن و گەنجان كە ئێستە بە ئازایەتییەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بۆ بەدەستهێنانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان، كە ئێران بەڵێنی رێزلێگرتنی داوە و خەریكە پێشێلیان دەكات.

هەردوو سەرۆك سووربوونی خۆیان لەسەر رێگرتن لە ئێران لە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی پێشان دا، گوتیان، پێویستە بەپەلە رووبەڕووی هەوڵەكانی ئێران ببین بۆ پێدانی مووشەك و درۆن بە لایەنە ناحكوومەتییەكان، چونكە ئەو كارە هەڕەشە لە هاوبەشەكانمان لە كەنداو و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات. 

ئەمڕۆ بایدن پێشوازی لە ماكرۆن كرد، لە یەكەم سەردانی بۆ ئەمەریكا لەوەتەی بایدن بووەتە سەرۆكی ئەمەریكا لە 2021، بایدن دووپاتی لە بەرگری هاوبەش لەگەڵ فڕەنسا كردەوە، بەوەی هەردوو وڵات رووبەڕووی خواست و مەترسییەكانی رووسیا دەبنەوە، كە هەڕەشە بۆ سەر ئەوروپا دروست دەكەن، بایدن دووپاتی كردەوە كە فڕەنسا هاوبەشێكی متمانەپێكراو و مێژوویی ئەمەریكایە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل