فەتوایەكی نوێ‌ دەرچوو

:: AM:09:43:02/12/2022 ‌
لیژنەی فەتوای هەرێمی كوردستان، لەبارەی بەكارهێنانی ئاو دەڵێت زێدەرەوی كەمتەرخەمییەكی زۆر هەیە لە بەكارهێنانی ئاودا و دەبێت موسوڵمانان ئەو سەرچاوەیە گرنگە بپارێزن.

ئەمڕۆ هەینی دووی كانوونی یەكەم، بەپێی نوێترین فەتوا لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان، وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە تێیدا هاتووە، ئاو یەكێكە لە هەرە نیعمەتە گەورەكانی پەروەردگار و گرینگترین سەرچاوەی ژیانە، بۆیە  لە شەریعەتی ئیسلامدا زۆر بایەخ بە پارێزگاری لێكردنی دراوە و بە سامانێكی گشتی  هەژمار كراوە و مرۆڤەكان هەموویان و نەوەكانی داهاتووشیان تیایدا هاوبەشن، بۆیە پێویستە هەموو تاكێكی موسوڵمان پارێزگاری لەم نیعمەتە بكات و زێدەڕەوی تیادا نەكات.

باسی لەوەش كردووە، لە ئێستەدا دەبینین كە لە هەرێمی كوردستانماندا ناوشاری و زێدەرەوی كەمتەرخەمییەكی زۆر هەیە لە بەكارهێنانی ئاودا،  بۆیە ئەم فەتوایەی خوارەوە ڕادەگەیەنین.

لە فەتواكە هاتووە/ یەكەم بەپێی دەقەكانی شەریعەت هەموو زێدەڕۆییەك لە بەكارهێنانی ئاودا حەرامە.

دووەم: هەڵكەندنی بیری نایاسایی كارێكی نادروستە، و هەموو ئەو كەسانەی هاوكار دەبن لە لێدانیدا گوناهبار دەبن، هەروەها پێدان و وەرگرتنی بەرتیلیش بۆی لە گوناهە گەورەكان هەژمار دەكرێت.

سێیەم: تەجاوزكردن بۆ سەر پڕۆژەكانی ئاو بەهەموو شێوەكانیەوە دەچێتە خانەی غەشەوە و حەرامە.

چوارەم: داوا لە لایەنی پێوەندیدار لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە پلانی گونجاو و بەپەلە دابنێن و كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانی ئاوە.



وشە - رامیار جەواد