" یەكێتی خەریكی خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارەتی"

:: PM:02:04:02/12/2022 ‌
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی هێرشەكانی یەكێتی و سەركردەكانیان دەداتەوەو دەڵێت، پارتی حزبێكی گەورەیە و بەردەوام لە فراوانبووندایە، دەشڵێت، پارتی ئاوڕ لە دواوە ناداتەوە و حكوومەتیش لە پێشكەوتن و كاری باشدایە.

ئەمڕۆ هەینی دووی كانوونی یەكەم، نازم هەركی  ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، كاتێك كەسێك هاوبەش بێت لە شتێك و نامەردی بكات ئەمە كارێكی زۆر عەیبەیە، یەكێتی خەریكی خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارەتی، پارتی بە هیچ شێوەیەك بە قسە نە دەلەقێ نە دەچەمێ، كەسێك هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات و خۆی نەدزێتەوە ئەوە تەنها پارتییە.

باسی لەوەش كرد، لە هەموو نەتەوەی كورد تەنیا حزبێك هەیە خاوەن ئیرادە و بەهێز و خەمخۆربێت و هەمیشە بە خەمەوە بووە بۆ كورد و كوردستان، پارتی زۆر قۆناغی وای بڕیووە و كەسانێك هاتن و دژایەتییان كرد و دواتر رۆشتن، بەڵام پارتی وەك خۆی مایەوە و بەهێزتر و فراوانتر بوو، یەكێتی كە بەشداری حكوومەتە با بەرد لە ماڵی خۆی نەگرێت، ئەگەر كەسێك بەرد لە ماڵی خۆی بگرێت شتێكی مەترسیدارە.

زیتر گوتی، ئەوانەی قسە بەرانبەر بە حكوومەت و پارتی دەكەن لە ناو یەكێتی لەسەرەوە تا خوارەوە تەنیا هۆكار ئەوەیە، حكوومەت بەرە و سەروەری یاسا دەڕوات، چاكسازی دەكرێت، پرۆژە جێبەجێ دەكرێت و حكوومەت سەركەوتووە، هەر كەس چاوی لە گەندەڵی بێت لە سایەی ئەم حكوومەتە دەلەرزێت، دژی گەندەڵییە، لەبەر ئەمەوەیە هێرش دەكرێتە سەر پارتی.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات، یەكێتی خۆی فش دەكاتەوە و خۆڵ دەكاتە چاوی خەڵك، بەڵام خەڵك زۆر باش لێیان تێگەیشتووە، لەسەر شاشەكان یەكێتی خۆی دەكات بە پاڵەوان، پارتی حزبێكە ئاوڕ لە دواوەی خۆی ناداتەوە و بەردەوام لە فراوان بوون و بەهێزیدایە، داڵدەدانی تاوانباران با بكوژ رادەستی یاسا بكەن.

وشە/ تایبەت



وشە - رامیار جەواد