"چەند لایەنێك لەپشت بردنەدەرەوەی دۆلارن و حكوومەتی عێراق بەو كارە دەزانێت"

:: PM:05:31:27/12/2022 ‌

ئێستە هەڵكشانی شێتانەی نرخی دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە دیناری عێراقی سەردێری هەواڵی میدیا و سۆشیال میدیا و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی گرتووە، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێكی شاراوەی  ئەو پرسە، باس لە هۆكاری راستەقینەی دابەزینی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار دەكات، دووپاتی كردەوە كە رۆژانە 50 بۆ 80 ملیۆن دۆلار لە سنوورەكانی عێراقەوە دەبردرێتە دەرەوە.

*هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار چییە و بە كوێ دەگات؟

بانكی فیدراڵی ئەمەریكی گوشاری لەسەر بانكی ناوەندی عێراق كردووە بۆ خەرجكردنی دۆلار، چەند بانكێكیشی لەناو مەزادی دراو لە لیستی رەش داناوە، هەروەها سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی داناوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دۆخە، ئەمە لایەنە ئابوورییەكەیە، لە لایەنی سیاسیشەوە، گوشارێكە لەسەر حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، كە زیاتر بەرەو میلشیاكانەوە هەنگاو نەنێت و سنوورێك بۆ ئەو رۆیشتنەی دابنێت، لە هەمان كاتدا گوشارێكیشە بۆ سەر ئێران، دوای ئەوەی لە شەڕی ئۆكراینا چەكی بە رووسیا دا و سزای داوە.


*حكوومەت یان محەمەد شیاع سودانی دەتوانێت بوێری بەخۆی بدات بەرانبەر بەو گوشارانەی ئەمەریكا؟

نازانین، دیار نییە حكوومەتی عێراق ئەو بوێرییەی هەیە بەبێ بانكی فیدراڵی ئەمەریكییەوە دۆلار بێنێتە ناو بازاڕ و بازاڕەكە ئاسایی بێتەوە و نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی دابەزێنێت.
ئێران هەوڵ دەدات هەر چۆنێك بێت دۆلار بچێتە وڵاتەكەی
*ئەو ناسەقامگیرییەی بازاڕی دینار بەرانبەر بە دۆلار هیچ پێوەندییەكی بە ئێرانەوە هەیە؟

بەهای تمەنی ئێران دابەزیوە، هاوكات لە ئێران خەڵك پێویستی بە دۆلارە، پێش ماوەیەك لە رێگەی چوار بانكەوە دۆلار لە عێراقەوە دەرۆیشتە ئێران، ئێستە ئەو چوار بانكە لە لیستی رەش دانراون و بلۆك كراون، بۆیە لەوێش كاریگەری لەسەر دۆخی ئێران دروست كردووە، ئێستە ئێران هەوڵ دەدات هەر چۆنێك بێت دۆلار بچێتە وڵاتەكەی.

*دەگوترێت دۆلار دەبردرێتە دەرەوەی عێراق بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەو قسە تا چەند راستە؟

بەڵێ، رۆژانە 50 بۆ 80 ملیۆن دۆلار لە رێگەی سنوورەكانی عێراقەوە دەبردرێتە دەرەوەی عێراق، ئەو دۆلارەش بە دەستی دەبردرێت و خزمەتی چەند دەوڵەتێكی پێ دەكرێت بەرانبەر پارەیەكی كەم، زیاتر ئێران و توركیا پێویستیان بەو دۆلارە هەیە، هاوكات بەشێكی دۆلارەكە دەچێتە سووریا و لەوێوە دەبردرێتە ئێران.

*ئەو كارەی باسی دەكەیت، واتە بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە دەستی كێی لەپشتە؟

چەند لایەنێكی سیاسی لەپشت بردنەدەرەوەی دۆلاری ئەمەریكین بۆ ئەو وڵاتانە، ئەوانیش لە رێگەی چەند بازرگانێكەوە دەیكەن، ئەو لایەنە سیاسییانە كار بۆ ئەو وڵاتانە دەكەن، حكوومەتی عێراقیش بەو كارە دەزانێت، بەڵام قسەكە ئەوەیە تا چەند توانای راگرتنی هەیە و دەتوانێت ئەو كارە رابگرێت، ئەوە پرسیارە گەورەكەیە.

*لەدوای كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانكی ناوەندی چ پێشبینییەك بۆ بەرزبوونەوەی دیناری عێراقی دەكرێت؟

چونكە حكوومەت لەپشت بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار نییە، كاتی دابەزینی نرخەكەی دیار نییە، ئێستە دوو حاڵەت هەیە، پێشتر حكوومەت لەگەڵ ئەوەدا بوو بەهای دۆلار بەرز ببێتەوە، ئێستە پێچەوانە بووەتەوە، حكوومەت لەگەڵ بەرزبوونەوە نییە و دەیەوێ بەهای دۆلار لەو نرخەی ئێستەی بازاڕ دابەزێت، ئێستە دابەزینی دینار پێوەستە بە كاتەوە، واتە چەند كاتی دەوێ بۆ ئەوەی لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمەریكی خۆی بگونجێنێت، ئەگەرنا ئەوجارە جیاوازە لە رابردوو و بابەتەكە لە دەستی حكوومەتدا نییە.

*زانیارییەكان لەبارەی پرسی رەوانەكردنی 400 ملیار دینارەكەی هەرێم لەلایەن بەغداوە چییە؟

ئێستە نامانەوێ لەسەر ئەو پرسە قسە بكەین، حكوومەتی هەرێم چووەتە بەغدا و خۆی گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا كردووە.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل