له دوای رووداوه‌كانی هه‌شتی ته‌مووزی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه تیایدا بووه هۆی لابردنی لاهوور شێخ جه‌نگی و داروده‌سته‌كه‌ی، دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه نه‌بینیه‌وه، ئه‌وه‌یش به‌هۆی بافڵ تاڵه‌بانی كه ده‌ستی به‌سه‌ر حزبه‌كه‌دا گرتووه ناتوانێ به‌ته‌نیا ئیداره‌ی بدات.
لاهوو شێخ جه‌نگی
لاهوور شێخ جه‌نگی له كۆنگره‌ی ساڵی 2019ی یه‌كێتی بووه یه‌كه‌می سه‌ر كۆنگره‌كه و ده‌سپێشخه‌ری كرد كه بافڵ تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵیدا ببێته هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی، ئه‌وه‌یش وه‌ك نزیكه‌كانی ده‌ڵێن، تا ماڵباتی تاڵه‌بانی له یه‌كێتی دوور نه‌كه‌نه‌وه.
له‌ماوه‌ی هاوسه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیدا، لاهوور شێخ جه‌نگی زۆرترین چالاكی بۆ حزبه‌كه‌ی هه‌بووه، جگه له‌وه‌ی كه‌وته ململانێ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی تر، له‌ناوخۆی حزبه‌كه‌یشدا كوڕانی تاڵه‌بانی به ته‌واوی كه‌وتنه دژایه‌تی و ترسی ئه‌وه‌یان لێ نیشت به‌و جۆره له یه‌كێتی دوور بخرێنه‌وه.
به‌گوێره‌ی قسه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له لاهوور شێخ جه‌نگی بابه‌تی ده‌رخستنی قاچاخ و خراپییه‌كانی سلێمانی هه‌وڵی كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی بووه تا بیخه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌و و ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێی وابووه، پێویسته پارێزگاری له یه‌كێتی بكات ئۆباڵی كێشه‌كانی خستووه‌ته ئه‌ستۆی خۆی.
له دوای هه‌شتی ته‌مووزی 2021، لاهوور شێخ جه‌نگی به ته‌واوی له یه‌كێتی دوور نه‌كه‌وته‌وه، به‌ڵكو زوو زوو چالاكی جه‌ماوه‌ری و رێكخستنی له گردی سه‌رچنار ده‌كرد كه ماڵ و ئۆفیسه‌كانی له‌وێیه، تا ئه‌وكاته‌ی له دوای ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ناو یه‌كێـتی.
دووپشكه‌كانی سه‌رچنار
له‌ناو ئه‌و ساڵانه‌ی كه لاهوور شێخ جه‌نگی به‌بێ ده‌نگی دانیشت، ئێسته هێزێكی نوێی به‌رهه‌مهێناوه كه ناویان له خۆیان ناوه " دووپشكه‌كانی سه‌رچنار"، ئه‌و هێزه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن رێبوار حامی حاجی غالی ئاراسته و فه‌رمانده‌ییان ده‌كرێ. كه ئه‌و پله‌ی سه‌ربازی له‌ناو هێزه‌كانی ناوخۆی كوردستاندا هه‌یه.
رێبوار حامی حاجی غالی كه له دوای هاوكار جاف و موراد كانیكورده‌یی یه‌كێكه له فه‌رمانده نزیكه‌كانی لاهوور شێخ جه‌نگی، رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه ده‌كات كه ژماره‌یان نزیكه‌ی 150 كه‌س ده‌بێت له مه‌شقدان، جگه له‌وه‌ی چه‌ندان كه‌سی تریش پێوه‌ندیان كردووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "وشه" هێزه‌كه تا ئێسته به‌رنامه‌ی به‌وشێوه‌یه كه ته‌نیا پارێزگاری له لاهوور شێخ جه‌نگی بكه‌ن له بازنه‌ی دووه‌مدا/ واتا بازنه‌ی یه‌كه‌م كه‌سه نزیكه‌كانی خۆی بێت و ئه‌و هێزه بازنه‌ی دووه‌می بۆ پڕ بكه‌نه‌وه/.
هه‌رچه‌نده تا ئێسته له‌لایه‌ن لاهوور شێخ جه‌نگییه‌وه دامه‌زراندنی ئه‌و هێزه پشتڕاستنه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له دوایین پۆستی له فه‌یسبووك، رێبوار حامی حاجی غالی وێنه‌كه‌ی له‌پێش ئه‌و ئاڵایه گرتبوو كه به لۆگۆی "دوو پشكه‌كانی سه‌رچنار" ناسراوه.
لۆگۆی هێزه‌كه بریتییه له ئاڵایه‌كی ره‌ش كه وێنه‌ی دووپشكێكی گه‌وره له‌سه‌ره و به ئاراسته‌ی پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه دووپشكه‌كه "هه‌شت" پێی هه‌یه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هه‌شتی ته‌مووزی 2021.
دۆخی یه‌كێتی
هاوشێوه‌ی هه‌موو كاته‌كانی تر دۆخی یه‌كێتی له‌وپه‌ڕی خراپیدا ده‌ناڵێنێ، سه‌رهه‌ڵدانی هێزی دووپشكی سه‌رچنار دۆخه‌كه‌ی خراپتر كردووه و ترس گه‌یشووه‌ته ده‌باشان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاراوه نییه ئه‌وه كه ئێسته جووتبرا پیلان داده‌نێن تا ئه‌و هێزه نه‌كه‌وێته سه‌ر پێی خۆی و پێش ئه‌وه‌ی تێكی بشكێنن.