پارەی ئارد و بەشە خۆراك زیاد بووە؟

:: AM:09:13:11/01/2023 ‌
بۆ سەرەتای ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە، هەر بریكارێكی خۆراك راستەوخۆ پارەی بەشە خۆراكەكە نەگەیەنێت، ئەوا بەش ئارد و خۆراكی بۆ نانێرێ‌، بڕی پارەكەش كە پێویستە بنێرێ‌ لەسەر بریكارەكانی خۆراك كراوەتە مەرج.

حكوومەتی عێراق لە بڕیارەكانی ساڵی رابردوو بۆ بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان، لەو مانگەوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێ‌، پارەی بەشە خۆراك زیاد نەكراوە لەسەر بریكارەكانی خۆراك، بەڵكو مەرجی نوێ‌ دانراوە.

ماوەیەكە گۆڕانكاری لە شێوازی دابەشكردن و بڕی پارەكە كراوە
ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی كانوونی دووەم، زیاد مەولوود بریكاری خۆراك بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ هەر هاووڵاتییەك بڕی 750 دینار بۆ خۆراكی هەر مانگێك وەردەگرین، بۆ ئاردی هەر مانگێك و هەر ئەندامێكی خێزان، بڕی 250 دینار وەردەگیرێت.

زیاتر گوتی، بەپێی بڕیاری نوێی حكوومەتی عێراق، وەرگرتنی پارەی خۆراك و ئارد لە هەر هاووڵاتییەك نابێ لە 500 دینار زیاتر بێ، بەڵام ماوەیەكە گۆڕانكاری لە شێوازی دابەشكردن و بڕی پارەكە كراوە.

باسی لەوەش كرد، بریكارەكانی خۆراك بۆ دابەشكردنی ئارد و خۆراك بۆ هەر هاووڵاتییەك، دەبێ نزیكەی 470 دینار بدەنە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمەش رێژەیەكی زۆرە و هۆكارە بۆ ئەوەی لە 500 دینار زیاتر لە هاووڵاتییان وەربگیرێت، ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی بڕیارەكە بێت، بریكاران بۆ هەر هاووڵاتییەك كەمتر لە 30 دیناریان بۆ دەمێنێتەوە، چونكە بەشێكیان دوكانیشیان بەكرێ گرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" كە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستی كەوتووە، هەر بریكارێكی خۆراك سەرەتا پارەكە دەنێرێت، دوای سێ‌ ڕۆژ ئەوجا خۆراك یان ئاردی بۆ دێتە ناردن، ئەو بڕیارەش لەم مانگە جێبەجێ‌ دەكرێ‌، ئەوەیش بۆ ئەوەیە پێشەكی پارەی خۆراك لە بریكارەكان وەربگیرێ‌.



وشە - رامیار جەواد