تەقە دەكرێ و 10 كەس دەكوژرێن

:: PM:01:51:22/01/2023 ‌
بەپێی ئەوەی سەرچاوەیەكی پۆلیسی ئەمەریكا رای گەیاندووە، شەوی رابردوو لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێك لە كالیفۆرنیا، چەكدارانی نەناس تەقەیان كردووە و بەلای كەمەوە 10 كەس كوژران و ژمارەیەكیش بریندار بوون.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 22ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی ئەمەریكا رای گەیاندووە، شەوی رابردوو لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێك لە مۆنتیری پارك لە ویلایەتی كالیفۆرنیا، لەلایەن چەكدارانی نەناسەوە تەقە لە خەڵك كراوە، بەلای كەمەوە 10 كەس كوژراون.

روون كراوەتەوە كاتێك پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە، دەركەوتووە بەهۆی تەقەكانەوە 16 كەس پێكراون، 10 لەوان دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە، هەندێك لە بریندارەكان دۆخیان باش نییە و مەترسی مردنیان لێ دەكرێت.

تا ئێستە پۆلیس ئەوەی ئاشكرا نەكردووە كە چەكدارەكان كێن و هۆی رووداوەكە چی بووە.

تا ئێستەیش رەخنە لە یاساكانی ئەمەریكا لەبارەی هەڵگرتنی چەك دەگیرێت كە ساڵانە هەزاران كەس لەو وڵاتە بەهۆیەوە گیان لە دەست دەدەن، یان بریندار و كەمئەندام دەبن. كوشتن و برینداربوون هەردوو حاڵەتی بەهەڵە و ئەنقەست روو دەدەن كە زۆرجار منداڵ دەبنە قوربانی.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د