بۆچی ئۆكراینا عەوداڵی تانكی لیوپارد2ی ئەڵمانییە؟

:: PM:07:14:24/01/2023 ‌

ئێستە بەرەكانی جەنگ لە ئۆكراینا پێشڕەوی سەربازیی رووسیا بەخۆیانەوە دەبینن، ئەگەرچی ئەو پێشڕەوییە لەلایەن چەكدارانی میلیشیای ڤاگنەرەوەیە نەوەك سوپای رووسیا، بەڵام بۆ رووسیا تۆمار دەكرێت، رووسیا دەیەوێ بەر لە هاتنی وەرزی بەهار و ئەگەری هێرشێكی گەورەی ئۆكراینا، زیاترین ناوچە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ بكات، لەو ناوەدا ئەندامانی ناتۆ، لەوانەش ئەمەریكا، سوورن لەسەر ئەوەی ئەڵمانیا تانكی پێشكەوتووی "لیوپارد2"، بە ئۆكراینا بدات.

لە ماوەی دوایی راوێژكاری ئەڵمانیا رای گەیاند كە بۆ رەوانەكردنی ئەو جۆرە تانكە پێشكەوتووە بۆ ئۆكراینا، دەبێت ئەمەریكا تانكی "ئەبرامز"، رەوانەی ئەو وڵاتە بكات، ئەوەش ئەمەریكا پێی رازی نییە، بۆیە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا خەریكی رازیكردنی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكان بۆ رەوانەكردنی ئەو جۆرە تانكە ئەمەریكییە، بۆ رێخۆشكردن بۆ ئەڵمانیا بۆ رەوانەكردنی تانكەكەی بۆ ئۆكراینا.

ئەمڕۆ سێشەم گەورە بەرپرسێكی پنتاگۆن ئاشكرای كرد كە سەرۆك بایدن ئامادەیە بۆ رەوانەكردنی تانكی "ئەبرامز"، بۆ ئۆكراینا، بەڵام سەبارەت بە تانكی "لیوپارد2"ی ئەڵمانی، كەشوهەواكە ئەرێنی نییە، بۆیە ئەگەر پۆڵەندا یان هەر ئەندامێكی تری ناتۆ بێ رەزامەندی ئەڵمانیا ئەو جۆرە تانكە بە ئۆكراینا بدەن، ئەوە سزایان دەخاتە سەر.  

ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە كە سەرۆك بایدن رازی بووە بە رەوانەكردنی 10 تانكی جۆری "ئەبرامز"، بۆ ئۆكراینا، بۆ ئەوەی ئەڵمانیاش تانكی "لیوپارد2"، رەوانە بكات، بەڵام پێدەچێت حیساباتی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئەڵمانیا جیاواز بێت، دووپاتی كردەوە كە كیێڤ پێویستی بە 500 تانكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی رووسیا، كە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهار خۆی بۆ ساز دەكات.

لەو ناوەدا ماریۆش بلاشتشاك، وەزیری بەرگری پۆڵەندا رای گەیاند كە داوای رەزامەندی لە ئەڵمانیا كردووە بۆ پێدانی تانكی لیوپارد بە ئۆكراینا، روونی كردەوە، داواكەمان داوەتە ئەڵمانیا و داوا لە خۆشی دەكەین كە ئەو تانكە بە ئۆكراینا بدات. ئەوە لەوكاتەی ئەڵمانیا گوشارێكی زۆری لە ئەندامانی ناتۆ، بەتایبەتی پۆڵەندا لێ دەكرێت بۆ رێگەدان بە پێدانی ئەو تانكە ئەڵمانییە بە پۆڵەندا، كە تا ئێستە راوێژكاری ئەڵمانیا بەوە رازی نییە. 

لەو كاتەی رووسیا هەڕەشە دەكات بەوەی رەوانەكردنی ئەو تانكە ئەڵمانییە بۆ ئۆكراینا زیانێكی گەورە بە پێوەندییەكانی رووسیا و ئەڵمانیا دەگەیەنێت، بۆریس بیستوریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتی، نابێت هاوپەیمانی ناتۆ ببێتە بەشێك لە جەنگی ئۆكراینا. 

ئێستە 12 دەوڵەت ئامادەن تا 100 تانكی "لیوپارد2"، بە ئۆكراینا بدەن، بە مەرجی رازیبوونی ئەڵمانیا، بۆ ئەو مەبەستەش ئەڵمانیا كەوتووەتە ژێر گوشارێكی گەورەوە، لە سەرتای ئەم مانگەدا بەریتانیا رای گەیاند كە ژمارەیەك تانكی جۆری "چالینگەر2"، بە ئۆكراینا دەدات، هانی ئەڵمانیای دا ئەویش تانكی "لیوپارد2"، بە ئۆكراینا بدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا.

رەنگە پرسیار بكرێت ئاخۆ بۆچی ئۆكراینا سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو جۆرە تانكە زیاتر لە تانكی "ئەبرامز"ی ئەمەریكی و جۆرەكانی تریش؟، تایبەتمەندییەكانی ئەو تانكە هۆكارێكی ئەو سووربوونەیە، لەوانە خێراییەكەی و ئاسانی بەكارهێنانی و بوونی ژمارەیەكی زۆری لە جبەخانەكانی ناتۆ و ئاسانی و خێرایی گەیشتنیەتی بە گۆڕەپانی جەنگ، وەك راپۆرتێكی رۆژنامەی "واشنتن پۆست"، باسی دەكات. 

" Leopard 2"، بۆ یەكەمجار لە 1979 خرایە روو، لەو ساتەوە چەندان پەرەپێدانی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە یەكێك لە باشترین و پێشكەوتووترین تانكەكان لە دنیا، شوێنی "لیوپارد1"ی گرتەوە كە لە 1965 دروست كراوە، لە زۆرێك لە تانكەكانی رووسیا و ئۆكراینا پێشكەوتووترە، كە ئێستە لەسەر خاكی ئۆكراینا لە جەنگدان و بۆ سەردەمی یەكێتی سۆڤیەت دەگەڕێنەوە. 

ئەو تانكە، تەنانەت كۆنەكەشی، كامێرای حەراری تیادایە و توانای كاركردنی شەو رۆژی هەیە، جیا لە دیاریكردنی دووری ئامانجەكانی بەلێزەر و گەورەكردنی، كێشی 55 تۆنە و توانای هەیە بە خێرایی 44 میلە لە سەعاتێك ببڕێت، جیا لەوەی پارێزراوییەكی گەورەی تیمەكەی تیادایە، تەقەمەنییەكی وا بەكاردێنێت كە لای هەموو ئەندامانی ناتۆ دەست دەكەوێت، توێژەران دەڵێن زیاتر لە دوو هەزار تانكی لەو جۆرە لە ئەوروپا هەیە، ئۆكراینا دەتوانێت بەخێرایی و بەئاسانی بۆ گۆڕەپانی جەنگ بگوازێتەوە، بەڵام پێویستە ئەڵمانیا رازی بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل