سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لە شاندێكی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان كۆ دەبێتەوە

:: PM:10:37:24/01/2023 ‌

ئیوارەی ئەمڕۆ سێشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو رۆزماری دیكارلۆ، بریكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە خاتوو جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و چەند بەرپرسێكی تری نەتەوە یەكگرتووەكان پێك هاتبوو.

لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بۆچوونی پێكهاتەكان لەسەر هەڵبژاردن، پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و شەڕی دژی تیرۆر و دۆخی ئێزیدییەكان و ناوچەی‌ شنگال تاوتوێ كران.

سەرۆكی هەرێم ستایشی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە عێراق كرد، لە كاركردن لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق، وەك هاوكار و یارمەتیدەرێك بۆ رێگەخۆشكردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشەوە، دووپاتی كردەوە كە كەش و زەوینەیەكی لەبار بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان هەیە، كە رێخۆشكەر دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسەكانی تایبەت بە هەڵبژادرن و دەستنیشانكردنی رۆژێك بۆ دەنگدان.‌

سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا كە پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و ئەو كەشە ئەرێنییەی ئەم دواییە بۆ گفتوگۆی نێوان هەردوولا و هەوڵی چارەسەرەكردنی كێشەكانی نێوانیان هاتووە ئاراوە، بە‌تایبەتی دەربارەی یاسای بودجەی عێراق و یاساكانی نەوت و گاز و دابەشكردنی داهاتەكان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئارامی و سەقامگیریی وڵات.

ئەمە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و كارنامەكەی، هەروەها پێویستیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەتایبەتی لە ناوچەكانی مادەی 140، دووپاتیشیان لە گرنگیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كردەوە.

پێوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هابەش، تەوەرێكی تریی كۆبوونەوەكە بوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل