شێوازی شاردنەوەی مردوو دەگۆڕێت و دەخرێتە ناو كەپسولێكی هێلكەیی

:: PM:01:37:25/01/2023 ‌

پڕۆژەی "کەپسولی مۆندی" كە لەلایەن دوو دیزاینەری ئیتاڵییەوە داھێنراوە و شێوەی ھێلکەییە، لەباتی كفن خراوەتە ڕوو بۆ ئەوەی مرۆڤ كە مرد بەشێوەی کۆرپەلە لە ناویدا بێتە شاردنەوە و دواتر نەمامێکی لەسەر بچێنن

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا جۆرەها رێكار بۆ مردن هەیە، ئاینەكانیش هەریەكەیان بەشێوە و سروتی خۆی ماڵئاوایی لە مردوو دەكەن، بەڵام زۆرینە دەیخەنە ژێر خاك.

بەگوێرەی هەواڵێكی "سی ئێن ئێن" ئەمەریکی، دوو دیزاینەری ئیتاڵی بەناوەكانی "ڕائول برێتزێل و ئانا سیتێلی"، پرۆژەیەکیان بە ناوی  کەپسولی موندی / کەپسولی جیھان،  ڕاگەیاندوە بە مەبەستی گۆڕینی شێوازی شاردنەوەی مردوو.

سەرەتای بیرۆکەی ئەو دیزاینەرانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2000 و دەست بە دیزاینی پرۆژەكە دەكەن و لە 2003 لە پێشانگەی دیزاینی "سالۆن دێل مۆبایڵ" خستیانە ڕوو، پێشوازییەكی باشی لێ كرا و پڕۆژەیەکە بە دۆستی ژینگە ناسێنرا، بەهۆی ئەوەی ئامانجی ئەوەیە گۆڕستانەکان بگۆڕێت بۆ دارستان.
 
جێنیفەر دیبروین پرۆفیسۆری یاریدەدەری ئەندازیاریی بایۆسیستم و خۆڵ لە زانکۆی تێنیسی ئەمەریکی دەڵێ: ئەو دوو دیزاینەرە ئیتاڵییە چارەسەرێکیان خستووەتە ڕوو بەناوی کەپسولی موندی، بۆ ئەوەی كاتێك مرۆڤ مرد لە شێوەی ھێلکەییدا بە خاکی بسپێرن، واتە دەیبەنەوە بۆ دۆخی كۆرپەلەیی لە سكی دایكدا، بەڵام لەناو توێکڵێكی پلاستیکیدا، پاش ماوەیەک توێکڵە پلاستیکییەکە تێکدەشکێت و پاشماوەکانی خۆراک بۆ نەمامێک دابین دەكات کە لە سەرەوەی چێندرابێ، واتە مرۆڤەکە دەبێت بە خۆراك بۆ درختەکە.

پرۆفیسۆرە ئەمەریكاییەكە هاوڕایە لەگەڵ دیزاینەرەكان كە ئاماج لەو پرۆژە دروستکردنی ژینگەیەکی پاکە، بەوەیش گۆڕستان دەبێت ناوچەیەكی پڕ لە دار نەک بەرد، لەوێوە ژیانی نوێ لە مردنەوە دروست دەبێت.

لای خۆیەوە جاکلین ئایتکنهێد پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانستەکانی خاک و دانەوێڵەی زانکۆی تەکساس، ئاماژەی بەوە داوە كە "چاندنی تۆوێک لە سەرەوەی کەپسولەكە شتێكی سەرنجڕاکێشە. بەڵام پێشنیار دەکات داری پێگەیشتووتر بەکار بهێنرێت، لەبەرئەوەی تەرمەکە لە ماوەی ساڵێکدا لە ژینگەیەکی خاکدا پاک دەبێتەوە، خۆراکەکان بە خێرایی ئازاد دەبن بۆ ناو خاکەکە، بۆیە دارێکی قەبارە گونجاو کە لە سەرەوە چێنراوە، کلیلی چارەسەر دەبێت بۆ ژینگەیەكی سەوز. 

ھەرچەندە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە لە ئیتاڵیا ڕێگەپێدراو نییە بە یاسا، بەڵام لە ئەمەریکای باکور و بەریتانیا بە یاسا ڕێگە پێدراوە و پێی دەگوترێ "ناشتنی سەوز"، چونكە بە دۆستی ژینگە ناسراوە و ئامانج لێی زیادکردنی سەوزایی و بەرھەمھێنانی ئۆکسجینە، هاوكات ڕێگەیەکی باشیشە بۆ دابینکردنی خۆراکی گەشەکردنی  درخت. 

داهێنەرانی کەپسولی موندی، بە نیازن پرۆژەكەیان كۆمەڵاتیی بكەن و کار لەسەر ئەوە دەكەن پشتیوانی جەماوەریی بۆ پەیدا بكەن و خەڵك رازی بكەن مردووەكانیان بەو شێوازە بنێژن.
 

ئامادەكردنی خەدیجە یاسین






وشە - وشه‌