دادگای باڵای فیدراڵی بڕینی قوتی خەڵكی كوردستانی كرد بە یاسا

:: PM:02:05:25/01/2023 ‌

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 25ی كانوونی دووه‌م، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارێكی تری دژی گەلی كوردستان ده‌ركرد و لە ناوەرۆكەكەیدا دەڵێ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەر بڕیارێكی بۆ ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان دابێت، هەڵدەوەشێتەوە.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی دادوه‌ری كه‌ به‌ "سۆمه‌ریه‌ نیوز"ی ڕاگه‌یاندووه‌، "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، له‌باره‌ی ناردنی پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد. بەگوتەی ئەوان، ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، پێشێلكردنی یاسا و ماده‌كانی ده‌ستووره‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ ، "ئه‌و بڕیاره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌ك ده‌رچووه‌ كه‌ پێشتر له‌ دادگای فیدراڵی تۆمار كراوە بۆ یەكلاكردنەوەی رەوایی یان ناڕەوایی ئەو پارانەی بۆ هەرێمی كوردستان بڕیاربوو بینێرن".

دادگای فیدراڵی پێشتریش بڕیاری تری دژی گەلی كوردستان داوە

بڕیارەكە لە كاتێكدایە مانگی رابردوو حكوومەتی نوێی عێراق كە لایەنەكانی شیعەی نزیك ئێران پێكیان هێناوە، وەك نیەتپاكی بڕیاریان دا بڕی 400 ملیار دینار رەوانەی كوردستان بكەن وەك فەرقی بودجە، دوای ئەوەی لە 12 مانگی ساڵی رابردوودا تەنیا دوو جار ئەو پارەیان دا كە بە "200 ملیارەكە" ناسراوە.

دادگای فیدراڵی پێشتریش بڕیاری تری دژی گەلی كوردستان داوە و ناڕەزایی گەورەی لێكەوتەوە كە هەناردەكردنی وزەی كوردستانی بە نایاسایی ناو برد. 

حكوومەتی تازەی عێراق كوردیش تێیدا بەشدارە و بەوە رازی كران كە یاسای نەوت و غاز پەسند دەكرێت لە شەش مانگدا و شایستە داراییەكانی هەرێم دەدەن، بەڵام چاودێران پێیان وایە، دادگای فیدراڵی خزێنراوەتە ناو سیاسەت و هەر لەژێر كاریگەریی شیعەدا بڕیار دەدات، بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە و بڵێن ئێمە دەمانەوێ هەموو شت باش بێ، بەڵام دادگا رێگە نادات.


وشە - كەژاڵ كەمال