پێنج ڕێ بۆ رزگاربوون لە قەبزی

:: PM:08:23:27/01/2023 ‌

چوونە سەرئاو لە مرۆڤە لەشساغەكان شیوەیەكی رێك و پێك هەیە و كاتی چوونە سەرئاو پیسایی دەردەچێتە دەرەوە لە لەشی مرۆڤەكان بەبێ ژان و گرفت.

هەرچەندە ژمارەی چوونە سەرئاو لە كەسێك بۆ كەسێكی تر دەگۆرێت، بگرە لە كاتێك بۆ كاتێكی تر لەهەمان كەسدا، بەڵام نزیكەی 95% لە كەسانی لەشساغ ڕێژەیەكی جێگیریان هەیە كە لە نێوان یەك بۆ سێ جار لە ڕۆژێكدا بۆ سێ جار لە هەفتەیەكدایە.

د. زرار حوسێن پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو و دڵ، بۆ ''وشه‌'' گوتی، كاتی قەبزی، چوونە سەرئاو یان كەمتر ڕوو دەدات یان ئەوەتە پیسایی ڕەق و وشكە و بەزەحمەت دەردەچێ، زۆربەی كاتەكان، قەبزی تایبەت نییە بە نەخۆشییەك یان بارێكی نەخوازراوی كۆئەندامی هەرس، بەڵكو، گرفتەكە قەبزی هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ جۆری خواردن، شیوازی ژیانی مرۆڤەكان، بەكارهێنانی چەند جۆرێك دەرمان، یان چەند هۆكارێكی تر كە پیسایی ڕەق و توند دەكەن، یان كاردەكەنە سەر دەرچوونی پیسایی و زەحمەتی دەكەن.

ئەم پزیشکە ئاماژەی بە چەند ڕێیەک داوە بۆ رزگاربوون لە قەبزیی: 

یەکەم: کاریگەرترین ڕیگە خواردنە و بەتایبەت خواردنی ئەو خۆراکانەی ڕێژەی زۆری مادەی ڕیشاڵییان تێدایە وەک ''سەوزە و میوە جۆراوجۆرەکان. 

دووەم: خواردنەوەی زۆری شلەمەنییەکان وەک ''ئاو و شەربەت و شلەمەنی گەرم''، بەشێوەیەکی گشتی رۆژانە هەشت پەرداخ ئاو بخۆوە ئەم کار هەم بۆ جەستە بەسوودە هەمیش بۆ قەبزیی.

سێیەم: نەخواردنی ئەو خواردنانەی قەبزی دروست دەکەن وەک ''پەنیر و ئەو خوارنانەی شیر لە پێکهاتەکانیان دایە و قاوە و خواردنەوە کحوولییەکان.

چوارەم: خۆ بەدوور گرتن لە شەکر و شیرنەمەنییەکان، هۆکارێکی سەرەکیین بۆ قەبزیی.

پێنجەم: ئەگەر ئەو خاڵانەی باسمان کرد سوودی نەبوو و بۆماوەیەکی زۆریش هەر قەبزبووی باشترین ڕێ ئەوەیە سەردانی پزیشک بکەی تا رێگە چارەسەرێکت بۆ دانێ.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان