هەڵكشانی نرخی دۆلار سەدرییەكان دەگەڕێنێتەوە؟

:: PM:11:24:28/01/2023 ‌

تا ئێستە و سەرەڕای دەیان رێوشوێنی دارایی، حكوومەتی عێراق بەرانبەر بە هەڵكشانی نرخی دۆلار دەستە وەستانە، هەفتەی رابردوو خۆپێشاندانێكی ناڕەزایەتی بەو هۆیەوە لەبەردەم بانكی ناوەندی ساز كرا و هەفتەیەكیان بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بە حكوومەت دا، شرۆڤەكارێكی سیاسی پێشبینی گەڕانەوەی ناڕەزایەتی سەدرییەكان بۆ شەقامی عێراق دەكات.

عەدنان تەمیمی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئێستە عێراق بە تەنگژەیەكی قووڵی ئابووری و دارایی تێكەڵ بە پشێوی بەهۆی هەڵكشانی نرخی دۆلارەوە  تێپەڕ دەبێت، هەڵكشانی نرخی دۆلار بارگرانییەكی گەورەی لەسەر بازاڕەكان دروست كردووە، كە وای كردووە نرخ بە رێژەی 15 بۆ 20% بەرز ببێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەگەر تەنگژەی دۆلار بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە خۆپێشاندانەكانی بەم دواییە دەستی پێ كرد، زیاتر پەرە بستێنن، هاوكات سەدرییەكان لە گۆڕەپانەكە دوور نین و رەنگە بڕیاری هاتە ناو خۆپێشاندانەكان بدەن داوای چارەسەركردنی تەنگژەكە بكەن، بۆیە هەڵكشانی نرخی دۆلار دەبێتە دەروازەیەك بۆ گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق، هاتنی سەدرییەكان و دەست پێكردنی خۆپێشاندانی جەماوەریش وا دەكات وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ماوەی شەشە مانگی تر دیاری بكرێت، ئەوە ئەگەر خۆپێشاندانی سەرانسەری عێراق بگرێتەوە.

ئەو شرۆڤەكارە تەنگژەی ئابووری بە گەورترین هەڕەشە لەسەر حكوومەتی سوودانی دانا، چونكە ناڕەزایەتی و توڕەییەكی گەورەی جەماوەری دروست دەكات، بەتایبەتی كە ئێستە 13 ملیۆن عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدان. 

لای خۆیەوە محەمەد خالیدی، سەرۆكی لیستی بەیارق ئەلخەیر گوتی، تەنگژەی دۆلار هی ئێستە نییە و بەهۆی نەبوونی دیدێكی سیاسی و داراییە لەبارەی دانانی ستراتیجیەتێكی گشتگیر بۆ كاتی تەنگژەكان، بۆیە نرخی دۆلار كەم نابێتەوە و پێشبینی دەكرێت بگاتە ئاستی 200 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار.

ئەمە و سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە سبەی یەكشەم بانكی ناوەندی عێراق فرۆشتنی كاشی دۆلار دەوەستێنێت و تەنیا فرۆشتنی ئەلیكترۆنی دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ئەگەر هەیە نرخی 100 دۆلار بگاتە 175 هەزار دینار.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل