له 27ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو په‌رله‌مانی عێراق متمانه‌ی به حكوومه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی پاڵێوراوی هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دا و چه‌ندان قه‌واره و لایه‌نی تری كورد و سوننه‌یش له حكوومه‌ته‌كه به‌شداربوون، له كارنامه‌ی حكوومه‌ت و په‌یام و گوته‌كانی سوودانیش ده‌یان به‌ڵێنی گه‌وره به قه‌واره‌كان و خه‌ڵكی عێراق به گشتی دران، به‌ڵام ئێسته گومان له‌سه‌ر تواناكانی حكوومه‌ته‌كه دروست بووه و زۆرێك گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه حكوومه‌تی سوودانی جیا له به‌ڵێنی گه‌وره و قسه‌ی زل، نه‌یتوانیوه هیچ كردارێكی جۆری ئه‌نجام بدات، كه گۆڕانكاری له دۆخی عێراق بكات.
لایه‌نه‌كانی نێو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌ڵێن و پلانه‌ی كه له كارنامه‌ی حكوومه‌ته‌كه هاتووه، كه له ماوه‌ی ساڵێك پێویسته جێبه‌جێیان بكات، متمانه‌یان به حكوومه‌ته‌كه دا، به‌ڵام سێ مانگ تێپه‌ڕیووه و هه‌نگاوی ڕژد به ئاراسته‌ی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكوومه‌ت و به‌ڵێنه زۆره‌كان نه‌نراون. ئه‌گه‌ر به كورتی تیشك بخه‌ینه سه‌ر به‌ڵێنه‌كان و به‌راوردیان بكه‌ین به دۆخی ئێسته، به ته‌واوی ده‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامه‌ی كه حكوومه‌ته‌كه نه‌یتوانیوه كاری ڕژد بكات، تا كێشه گه‌وره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق چاره‌سه‌ر بكات.
یه‌كێك له به‌ڵێنه گه‌وره‌كانی سوودانی بریتی بوو له نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق، كه سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی تاوان و كێشه‌كانه، سوودانی دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ چه‌ك ته‌نیا له ده‌ست دامه‌زراوه فه‌رمی و شه‌رعییه‌كانی وڵات بێ و كۆتایی به دیارده‌ی به سه‌ربازگه‌كردنی شاره‌كان بهێنێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ركردنی میلیشیاكانی ئێران له ناوه‌ندی شاره‌كان و گه‌ڕه‌كه‌كانی نێو شاره‌كان كه شوێنی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵكی سڤیلن، جیا له‌وه‌یش پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ناوخۆی عێراق بۆ زێدی خۆیان و ئاشكراكردنی چاره‌نووسی ڕفێنراوانی سوننه و كه به تۆمه‌تی تیرۆر خراونه‌ته گرتووخانه‌كانه‌وه و پێداچوونه‌وه به دۆسیه‌كانیان.
جیا له‌وانه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی "لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری" و ده‌ركردنی لێبوردنی گشتی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری و هه‌واڵده‌ری نهێنی و به زۆر له ژێر ئه‌شكه‌نجه ناچاركراون كه ددان به‌وه بنێن، تاوانیان ئه‌نجام داوه، ئه‌و دیارده‌یه‌یش له‌سه‌رده‌می حكوومه‌تی نووری مالیكی ده‌ستی پێكرد، ژماره‌یه‌كی بێ‌شومار هه‌واڵده‌ری نهێنی له شاره‌كان بڵاوكرانه‌وه، تا زانیاری ته‌ناهی به ده‌زگه فه‌رمییه‌كانی وڵات بده‌ن و ڕێگری له كرده تیرۆریستییه‌كان بده‌ن و له به‌رانبه‌ر پێدانی هه‌ر زانیارییه‌كیش، پاداشتی دارایی به هه‌واڵده‌ره نهێنییه‌كان ده‌درا، ئه‌مه‌یش وایكرد كه هه‌واڵده‌ره‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی بێ‌تاوان تۆمه‌تبار بكه‌ن، ته‌نیا له پێناوی ئه‌وه‌ی كه بڕه پاره‌یه‌كی باشیان ده‌ست بكه‌وێت، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش له ڕێی ئه‌و دیارده‌یه‌وه ده‌یان هه‌زار كه‌س له گرتووخانه‌كانی عێراقن له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری هه‌واڵده‌رێكی نهێنی گیراون، له كاتێكدا به‌شێكیان به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دوژمنداری كه‌سی و هۆزگه‌رایی تۆمه‌تی تیرۆریان بۆ دروستكراوه و خراونه‌ته گرتووخانه‌كانه‌وه.
به‌ڵێنێكی تری گه‌وره‌ی سوودانی دووباره گێڕانه‌وه و به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی بوو به‌رانبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ نرخی پێشوو
به‌ڵێنێكی تری گه‌وره‌ی سوودانی دووباره گێڕانه‌وه و به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی بوو به‌رانبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ نرخی پێشوو، كه هه‌ر دۆلارێك به هه‌زار و 200 دیناری عێراقی مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرا، به‌ڵام چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو نرخی دۆلار زۆر له‌وه به‌رزتربووه‌وه كه له‌سه‌رده‌می حكوومه‌تی كازمی بوونی هه‌بوو، ئه‌مه‌یش تووڕه‌یی زۆری شه‌قامی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و تا ئێسته‌یش سوودانی نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌رێكی ڕیشه‌یی بۆ ئه‌و دۆخه بدۆزێته‌وه، كه كاریگه‌ری به‌سه‌ر سه‌رجه‌م توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق هه‌یه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال و ده‌ركردنی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له‌و ناوچانه و هه‌نگاونان بۆ ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گاز به ئامانجی كۆتاییهێنان به ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه و كێشه‌ی ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور و پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه و ده‌یان به‌ڵێنی تر سه‌رجه‌میان ته‌نیا وه‌ك قسه ماونه‌ته‌وه و له واقیعدا هیچ كه‌س هه‌نگاوی ڕژد و كرده‌یی له سوودانی نه‌بینیووه.
عه‌بدولكه‌ریم عه‌بتان په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی سیاده له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" دووپاتی كرده‌وه، كه سوودانی تا ئه‌و ساته‌ی ئێسته هیچ یه‌كێك له‌و به‌ڵێنانه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه كه به قه‌واره‌كان و خه‌ڵكی عێراقی داوه، به تایبه‌تیش دۆسیه‌ی نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌كداری و لێبوردنی گشتی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری و هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و زۆر به‌ڵێنی تر.
زیاتر گوتی، سێ مانگ به‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت تێپه‌ڕیووه، ئه‌مه كاتێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌با، سوودانی به‌شێك له به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ بكردایه و هه‌نگاو و بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ركردبان، به‌ڵام ته‌نیا قسه و به‌ڵێنه‌كان دووباره ده‌كاته‌وه و به‌هۆی فشاری لایه‌نه سیاسییه‌كانی نزیك له ئێران ناتوانێ هیچ هه‌نگاوێك بهاوێژێت.