دەنگی ناڕەزایەتی لەناو یەكێتی دژ بە كارەكانی بافڵ لەزیادبوونە

:: PM:07:57:29/01/2023 ‌

بافڵ تاڵەبانی دەستی داوەتە بڕینی مووچەی هاووڵاتییانی حزبەكەی، لەوانەشی سەر بە كۆمەڵایەتی یەكێتین، بەڵام ئەو هەڵمەتی بڕینە تەنیا هاووڵاتییە هەژارە و خاوەن خەبات و دەستكورەتەكان دەگرێتەوە، ئەوانە ناگرێتەوە كە بە ملیۆنان دینار مووچە و چەندان مووچەی تریان هەیە.

كەسوكاری بەشێك لەوانەی مووچەیان بڕدراوە بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەكەن كە هەڵمەتەكەی بافڵ، تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە شایستەی ئەو مووچەیەن و چەندان ساڵە خەبات دەكەن، لەوانەی دڵسۆز بوون بۆ وڵات و حزبەكە.

كوڕی یەكێك لەو كەسانەی مووچەی بڕدراوە بە "وشە"ی  راگەیاند، باوكم تا ئەو رۆژەی مرد خەباتی لەپێناو نیشتمان كرد، بە شایەتی هەموو ئەوانەی دەیناسن، كەسێكی دڵسۆز و خاوەن پێگە بوو بۆ حزبەكەی، تەنیا مووچەیەكی 250 هەزار دیناری هەبوو كە لە كۆمەڵایەتی وەری دەگرن، كەچی ئەم مانگە پێیان گوتین مووچەكەی بڕدراوە.
با مووچەی ئەوانە ببڕێت كە ملیۆنان دینار وەردەگرن بێ ئەوەی خەباتیان هەبێ و كەسی شایستە و دڵسۆز بووبن
زیاتر گوتی، باوكم دوو ساڵە مردووە، كەچی ئەو مووچەیان پێ رەوا نەبینی و بڕییان، هەرچەندە داوامان لێ كردن كە نەیبڕن و خۆمان پەنجەمۆری بۆ دەكەین یان كەسێك لە خێزانەكەمان، بەڵام رازی نەبوون و گوتیان، باوكت خانەنشینە، لە كاتێكدا باوكم هەر خۆی پێشتر بەرپرسی كۆمەڵایەتی یەكێتی بووە و هەموو كەس دەیناسێت.

ئەو هەڵمەتەی بڕینی مووچە چەندان كەسی گرتووەتەوە، ئەم مانگە چەندان كەس لەكاتی چوونیان بۆ وەرگرتنی مووچە پێیان راگەیەندراوە كە مووچەكەیان بڕدراوە، بۆیە نارەزایەتی دروست كردووە و داوا دەكەن لە بڕی كەسی شایستە، بافڵ مووچەی ئەوانە ببڕێت كە مانگانە بە ملیۆنان دینار وەردەگرن، بەبێ ئەوەی خەباتیان هەبێت و كەسی شایستە و دڵسۆز بووبن.

جێی باسە ماوەیەكە بافڵ دەستی داوەتە ئەو كارانە و كادر و كەسوكاری شەهید و ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەی توڕە كردووە، ئەوانیش پێیان وایە ئەوەی دەیكات چاكسازی نییە كە دەست بۆ مووچەی شەهیدێك یان پێشمەرگەیەكی كۆنی حزبەكەی ببات.



وشە - تایبه‌ت