فیلمێك لەبارەی ژیانی مایكڵ جاكسن بەرهەم دەهێنرێت

:: AM:11:47:31/01/2023 ‌
ستۆدیۆی "لایۆنزجیت" رای گەیاندووە، فیلمێك لەبارەی ژیانی شای پۆپ مایكڵ جاكسن بەرهەم دێنن، لەو فیلمەدا برازایەكی جاكسن رۆڵی مایكڵ دەبینێت، تا ئێستە نازانرێ كەی فیلمە بەكۆتا دێت و پێشان دەدرێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 31ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەوەی ستۆدیۆی "لایۆنزجیت" لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، ئەوەی فیلمەی لەبارەی شای پۆپ بەرهەمی دێنن، هەر بەناوی "مایكڵ" دەبێت، جەعفەر جاكسن /26 ساڵ/ كە دەكاتە برازای شای پۆپ، رۆڵی مایكڵ دەبینێت.

ستۆدیۆكە زیاتر روونی كردووەتەوە، لەو فیلمەدا وردەكارییەكانی رێڕەوی تەواوی ژیانی جاكسن پێشان دەدرێت، تەنیا ئەوە نەبێ كە لە 2005دا بەهۆی دەستدرێژیی بۆ سەر منداڵ، ئەو هونەرمەندە دادگایی كرا، ئەگەرچی لە ئەنجامدا بەپێی دادگا، بێتاوان دەرچوو.

لەو فیلمەدا باس لەوە دەكرێ كە مایكڵ جاكسن لە كەسێكی گۆشەگیرەوە، چۆن گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ببێتە گەورەترین ئەستێرەی دنیا.

ئەو فیلمە لە دەرهێنانی ئەنتوان فۆكوایە و گراهام كینج بەرهەمی دێنێت. ئەوان دەڵێن جەعفەر جاكسن، توانایەكی خۆڕسكی هەیە تا بتوانێ بە باشترین شێوە رۆڵی مایكڵ جاكسن بگێڕێت.

كینج لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتوویەتی، جەعفەر جاكسن باشترین كەسە كە بتوانی رۆڵی جاكسن ببینێت، لەلایەكەوە جاكسن مامێتی، لەلایەكی تریشەوە توانایەكی خۆڕسكی لە نواندندا هەیە بەتایبەتی بۆ رۆڵی جاكسن.

مایكڵ جۆزیف جاكسن كە لە ناوەندی هونەری جیهانیدا بە "مایكڵ جاكسن" دەناسرێتەوە، لە ساڵی 1958 لە دایك بووە و لە 2009یشدا لە تەمەنی 50 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. ئەو بە گەورەترین گۆرانیبێژی بواری پۆپ لە دنیادا دەناسرێتەوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د