هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان كێشە و ناكۆكی دەخاتە نێوان مالیكی و سوودانییەوە

:: PM:08:32:31/01/2023 ‌
پاڵاوتنی سەركردەیەكی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق بە ناوی "موهەند شاكر" بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق، لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی عێراق و بێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی بۆچوون و ڕەزامەندی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ناكۆكی و كێشەی خستووەتە نێوان مالیكی و سوودانییەوە، چونكە مالیكی دەیەوێ خۆی بڕیاردەری یەكەم و كۆتایی كاندیدانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان بێت، بەڵام سوودانی پابەندی ئەوە نەبووە و لای خۆیەوە كاندیدی پێشكەش كردووە.

چەند سەرچاوەیەكی سیاسی لەوبارەوە بە ڕۆژنامەی "العرب"یان ڕاگەیاند، كە ناكۆكی نوێ لە نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نووری مالیكی لەسەر كاندیدكردنی سەركردەیەكی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق دروست بووە، بە بڕوای نووری مالیكی ئەمە هەڵگەڕانەوەیەكی ڕوونی سوودانییە بە ڕووی خۆی و چوارچێوەی هەماهەنگی، لە كاتێكدا ئەوان سوودانیان كاندیدكرد و كردیان بە سەرۆكی حكوومەت، بێ چوارچێوەی هەماهەنگی سوودانی هیچی بەدەست نەبووە و نابێت.

لەوكاتەوەی كە حكوومەتی عێراق پێكهێنراوە، ئەمە یەكەم ناكۆكی نێوان سوودانی و سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نییە و پێشتریش بەهۆی دەركردنی چەندان بڕیار لەلایەن سوودانییەوە و بێ گەڕأنەوە بۆ دەستەی سەركردایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی ناكۆكی و گرژی لە نێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لایەكەوە و سوودانی لەلایەكی ترەوە دروست بوو. یەكێك لە سەرچاوە سیاسییەكان دووپاتی لەوە كردەوە، كە سوودانی موهەند شاكری سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەقی بۆ كاندیدبوون لە كەرتی كەرخی بەغدا لەمیانەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان ئاراستەی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، لە كاتێكدا دەبوو پێشوەختە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەكە بكات و ئنجا كەسێك وەك كاندید پێشكەش بكات.

نووری مالیكی كە لەلایەكەوە خۆی بە سەركردەی ڕەهای چوارچێوەی هەماهەنگی دەزانێ و لەلایەكی ترەوەیش بە پشتیوان و دروستكەر و هۆی مانەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەو هەنگاوەی سوودانی بە هەڕەشە و پەیامێكی ڕوون لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی عێراق بەرانبەر بە خۆی دەزانێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە مالیكی دەیەوێ خۆی یەكەم كەس و دواكەس بێ كە بڕیار لەسەر تەواوی كاندیدانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە سەرجەم پارێزگەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان بدات. بەڵام سوودانی ئەمەی ڕەت كردووەتەوە و بە ڕووی نووری مالیكی وەستاوەتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی سەركردەكانی تری چوارچێوەی هەماهەنگی سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، زۆربەی سەركردەكان بە ڕووكەش لەگەڵ هەنگاوەكەی سوودانیدان، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش بێدەنگی و بێلایەنیان هەڵبژاردووە و نایانەوێ ببن بە لاگیری یەكێك لەو دوو كەسایەتییە سیاسییە، تەنانەت قەیس خەزعەلی سەرۆكی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەقیش بە ئاشكرا بۆچوونی خۆی دەرنەبڕیووە، بەڵام لە ژێرەوە بەلایەوە كارێكی گرنگە كە سوودانی ئەنجامی داوە و ناكرێ سەرجەم كاندیدانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بن و دەكرێ نوێنەری قەوارەكانی تری نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش كاندیدیان لەمیانەی لیستی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت.

بەر لە پێكهێنانی حكوومەتی ئێستەی عێراق، بەردەوام هەواڵ و زانیاری لەسەر ئەوە بڵاو دەكرایەوە، كە مالیكی دەیەوێ كەسێك بكاتە سەرۆكی حكوومەت كە بە تەواوی گوێڕایەڵی خۆی بێت و خۆی لە ژێر پەردەوە سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراق بكات، سوودانیش بە یەكێك لەو كەسایەتییانە دادەنرا كە شوێنكەوتە و جێبەجێكەری بڕیار و بۆچوونەكانی مالیكی دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستە بەدی دەكرێ، وا دەبینرێ كە سوودانی نایەوێ بووكەڵەیەك بێ بە دەستی نووری مالیكییەوە و دەیەوێ خۆی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت و تەنانەت بە ڕووی نووری مالیكیش بوەستێتەوە، ئەمەیش بە بڕوای شارەزایان داهاتوویەكی باشی لێ ناكەوێتەوە و ئەگەری زۆرە كە تەنگژەی سیاسی قووڵتر لە عێراق دروست بكات.

بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان لە عێراق ئەنجام بدرێت. ئەمەیش لە ئەنجامی ڕێككەوتنێكی سیاسی بڕیاری لێدراوە، كە لە كۆتایی ساڵی 2019 ئەو ڕێككەوتنە وەك پرۆژەیەك خرایە بەردەم پەرلەمانەوە و دەنگی لەسەر درا تا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و حكوومەت پابەند بكرێ، بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمسیۆن ئامادەكاری بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان بكەن. ئەمە یەكێك بوو لە داوا سەرەكییەكانی خۆپێشاندەرانی ئۆكتۆبەری 2019 كە بەوهۆیەوە حكوومەتی عەبدولمەهدیش كۆتایی پێهێنرا و دەسەڵاتی لە ژێر گووشاری توندی خۆپێشاندەران لێ وەرگیرایەوە و كۆتایی بە حكوومەتەكە هێنرا.

ماوەی چەندان ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان لە عێراق ئەنجام نەدراوە و ئەنجوومەنی پارێزگەكانی ئێستە شەرعیەتیان نەماوە و لە ڕووی دیموكراسی و هەڵبژاردنەوە زۆرترین گرفت لە ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق بوونی هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ لە ڕێی هەڵبژاردنێكی تازەوە كۆتایی بە ناشەرعیبوونی ئەنجوومەنی پاریزگەكان بهێنرێ و دووبارە خەڵك بكرێت بە سەنگی مەحەك بۆ یەكلابوونەوەی كاندیدی قەوارەكانی سیاسی بۆ پڕكردنەوەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگه جیا جیاكانی عێراق.



وشە - تایبه‌ت