چەندان مووشەك ئاراستەی سەربازگەی زیلكان كران

:: AM:09:00:01/02/2023 ‌
بەپێی گوتەی سەرچاوەیەكی تەناهی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی مووشەكی كرایە سەر سەربازگەی زیلكان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ئەو سەربازگەیە هێزەكانی توركیای تێدایە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم یەكی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاندووە، سەربەیانیی ئەمڕۆ هەشت مووشەك ئاراستەی سەربازگەی زیلكان كراون كە هێزێكی توركیی تێدایە و دەكەوێتە باكوری پارێزگای نەینەوا. تا ئێستە زیانەكانی ئەو هێرشە موووشەكییە دیار نییە.

سەرچاوەكە ئەوەشی گوتووە، دوو لە مووشەكەكان كەوتوونەتە ناو بنكە سەربازییەكە، هێزەكانی تەناهی بەرەو شویچنی رووداوەكە جووڵێنراون. بەڵام تا ئێستە زیانەكانی ئەو هێرشە ئاشكرا نەكراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، هێرشەكە دروست لە سەعات 7,45 ی بەیانیی ئەمڕۆ بووە، هەشت مووشەك ئاراستەی سەربازگەكە كراون لە شارەدێی باشیكی سەربە پارێزگای نەینەوا.

دووپاتی كردووەتەوە كە دوو مووشەك كەوتوونەتە ناو سەبازگەكە، مووشەكەكانی تریش كەوتوونەتە دەوروبەری بێ ئەوەی زیانی مرۆیی بەدواوە بێت.

تا ئێستە نازانرێ لایەنی جێبەجێكاری هێرشەكە، ئایا چەكدارانی پەكەكەن یان میلیشیاكان، لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكرێت.

ماوەیەكی زۆرە هێزێكی سەربازیی توركیا لە سەربازگەی زیلكانی سەربە شارۆكەی بەعشیقەی باكوری مووسڵ، جێگیر كراون.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د