پەتایەكی نوێ‌ لە كوردستان بڵاو بووەتەوە

:: PM:01:33:01/02/2023 ‌
پەتایەكی نوێ لە كوردستان بڵاو بووەتەوە و منداڵی خوار دوو ساڵ زیاتر تووش دەبن، پزیشكێكیش دەڵێت، بە دوو حاڵەت چارەسەری هەیە، ئەوەیش بەپێی ئاستی تووشبوونیانە.

پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لە دایكبوونی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، ئێستە شەپۆلێكی تا و كۆكە و هەناسەتوندی و خیزەی سنگ لەناو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە، بەتایبەت منداڵانی خوار دوو ساڵ،  بەشێك لە تووشبووان منداڵی تازە لەدایكبوون، بەشی هەرەزۆریان تووشبووی ڤایرۆسین، بەشێكی كەمیشیان تووشبووی بەكتریان.

باس لەوە دەكات، ئەگەر حاڵەتەكان سووك بوون، دەكرێت هەر لە ماڵەوە چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەگەر هەناسەیان زۆر توند بوو، شیرخواردن یان خواردنیان باش نەبوو، لێو شینبوونەوەیان هەبوو، گەشكەیان تووش بوو، هۆشیان خراپ بوو، نیشانەكانی وشكبوونەوەیان هەبوو، تەمەنیان بچووكتر بوو لە ساڵ، یان ڕشانەوەیان هەبوو، دەبێت بەزووترین كات سەردانی نەخۆشخانە بكەن بۆ ئەوەی پزیشكی پسپۆڕ چارەسەر بۆ منداڵەكە بكات.

ئەوە پزیشكە تكایەكی لە دایك و باوكان هەیە و دەڵێت، تكایە خۆتان بەدوور بگرن لە دەرمان و پشكنینی ناپێویست، چونكە هەزاران جار مەترسیدارترە لە نەخۆشییەكە خۆی ئەگەر پێویستی نەبێت.



وشە - رامیار جەواد