ئەمەریكا پاڵپشتی خۆ بۆ گفتوگۆی نێوان پارتی و یەكێتی دەربڕی

:: PM:02:02:01/02/2023 ‌
كونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، لە گفتوگۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گفتوگۆی نێوان پارتی و یەكێتـی دووپات دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی شوبات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ‏هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئیرڤن هێكس جوونیەر كونسوڵی گشتیی ‏ئەمەریكا ‏لە هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.‏

لە كۆبوونەوەكەدا دواین پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و دیدار و ‏كۆبوونەوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاوتوێ ‏كران. لەمبارەیەوە كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا، پێشوازی و پشتیوانیی ‏وڵاتەكەی بۆ گفتوگۆ و هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی هەردوولا پێشان دا و ‏دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا بە بایەخەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی ‏كوردستان دەڕوانێت.‏

پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە ‏بوو، تێیدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی لە بەردەوامی و گرنگیی سەرخستنی ‏پرۆسەكە ‌كردەوە، سوپاسی هاوكاری و پشتگیریی ئەمەریكای لەمبارەیەوە كرد. ‏لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا، بایەخ و گرنگیپێدانی وڵاتەكەی بە ‏پرۆسەكە و خێراتركردنی خستە ڕوو.‏

هەر لە كۆبوونەوەكەدا كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، كاركردن بۆ سەردانی شاندێكی ‏بازرگانیی ئەمەریكی بۆ هەرێمی كوردستان، پرسی مافەكانی مرۆڤ، ئازادیی ‏ڕۆژنامەوانی و ڕادەبڕین و چەند بابەتێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ ‏كران.



وشە - رامیار جەواد