وەفایان نەبوو.. بافڵ و قوباد بایكۆتی ساڵوەگەڕیی شەهید ئارامیان كرد

:: PM:07:35:01/02/2023 ‌

دوای تێپەڕبوونی 45 ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی شەهید ئارام، یەكێك لە سەركردەكانی كۆمەڵە و جێی شانازی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، ئەمساڵ كوڕانی تاڵەبانی تەنیا بە چەند دێرێكی كورت، لە بری چوونە سەر گۆڕەكەی یادەكەیان بەرز راگرت.

ژوان ئەحمەد، كادری پێشكەوتووی یەكێتی پێی وایە ئازاردان و ستەمكردن لە ئارام هەر بەوە نەوەستاوە، تا ئەمرۆ 45 ساڵە بە بەردەوام ئارام ئازار دەدرێت و ستەمی لێ دەكرێت، بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، دەیانەوێ ناو و ناونیشانی بسڕنەوە، ئەمە ئەوپەڕی ستەمە لە ئارام و مێژووەكەی، كاتێك رابەرایەتی یەكێتی لە ئارام و شەهاب و دەیان خوێندەوار و رۆشنبیرەوە، دێتە سەر دەستەیەك كەسی بێ سەواد لە سیاسەت و هزر، ئەمە گۆشاوگۆش سەربڕینی ئارامە.

زیاتر گوتی، دوور نییە بەشێكیان ئێستە نەزانن دوو پەرەگرافت لەسەر ئارام بۆ بڵێن، كە یەكێتی میراتگری هزر و بۆچوونەكانی ئارام لە حزبی ئیرادەوە دەگۆڕێ بۆ (ئیراد)، ئەمەش گۆڕهەڵتەكاندنی ئارامە و 45 ساڵە بینەری دیمەنی ستەمكردنین لە ئارام، كە یەكێتییەكەی ئارام و جوامێرەكانی تریان گەیاندوەتە رۆژێك كە نەك دۆست، بگرە نەیارانیش ئیرەیی پێ نابەن، ئارامیش 45 ساڵە لە گۆڕەكەیدا نە رۆحی شاد بووە نە ئارامیش.
دەتوانن رۆژانە بچنە بەغدا، بەڵام نەیانتوانی لە دەباشانەوە نیو سەعات ببڕن و بچنە قەرەداغ
سۆران ساڵەح، كادرێكی تری نیگەرانی دۆخی ناو یەكێتییە بۆ "وشە"، باسی لەوە كرد، سەرۆكی یەكێتی و براكەی نازانن تەنگیسەر لەكوێیە؟، بگرە سێ بەشی سەركردایەتی ئیستەی یەكێتی نازانن تەنگیسەر لەكوێیە؟، ئێمە كوڕانی شۆڕش و كوڕی قوربانی دەزانین لە كوێوە هاتووین و رابردوومان چییە و كاك ئارام چییە لە ژیانماندا.

روونی كردەوە، خەفەت لەوە دەخۆم هەمووی ئەڵێ لەسەر رێبازەكەتین، نازانم رێبازی شەهید ئارام ئاوا بوو كە یاری بە یەكێتی و كەسوكاری شەهید بكرێت، ئەمانەی ئێستە هاوشان و هاوخەبات و هاوڕێبازی شەهید ئارام بوون بۆ گۆڕان، شەهید ئارام لە رووی هزر و فیزیكی و شۆڕشیشەوە زۆر لەپێش ئەمانەی ئێستەوە بوو، بۆیە نایانەوێت بیخەنەوە بیر كۆمەڵگەی كوردی و جیلی نوێ.

لای خۆیەوە عەباس سەعید، ئاگەدار لە دۆخی ناو یەكێتی بە"وشە"ی راگەیاند، ئێستە دۆخی ناوخۆی یەكێتی لەوپەڕی هەستیاری و خراپی و تەقینەوەدایە، وای لێ هاتووە كوڕانی تاڵەبانی و سەرانی باڵای دەباشان و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، جگە لە چەند كەسێكیان كە لە ژمارەی پەنجەی یەك دەست كەمترن، ناوێرن یان بێزیان نایەت بچنە سەر گۆڕی شەهیدەكانیان.

زیاتر گوتی، ساڵیادی گیانلەدەستدانی شەهید ئارام، كە یەكێكە لە سەركردە تێكۆشەرەكانی سەردەمی كۆمەڵە، یەكێتی هەمیشە شانازی پێوە كردووە، كەچی ئەمساڵ لە كەشێكی ساردی زستاندا، ساردوسڕییەكی زۆری پێوە دیار بوو، جگە لە هاوسەر و خێزان و چەند كادرێكی ئۆرگانەكانی خوارەوەی یەكێتی، كەسی ترمان نەبینی بۆ ساتێكیش بێت و بچێتە سەر گۆڕەكەی.

"بافڵ و قوبادی برای، كە یەكێتی نوێیان بردە قۆناغێكی تاریكەوە، بە چەند دێرێك یادەكەیان كردەوە، بۆیە پێویستە داوای لێبوردن لە شەهیدەكان و كەسوكاریان بكەن، ئەوان دەتوانن هەموو رۆژێك یام هەفتانە جارێك بچنە بەغدا و شوێنەكانی تری كوردستان و عێراق، بەڵام نەیانتوانی لە دەباشانەوە نیو سەعات ببڕن و بچنە گوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداغ"، عەباس سەعید، ئاگەدار لە دۆخی ناو یەكێتی وا دەڵێت.

تایبەت



وشە - تایبه‌ت