پیربوون لە چ تەمەنێكەوە دەست پێ دەكات؟

:: PM:09:44:01/02/2023 ‌

زۆرێك وای دەبینن و پێیان وایە كە ئەو كاتە مرۆڤ بیر دەبێت كە قژی سپی دەبێ و رووخسار و دەموچاوی لۆچدار دەبێت و پشتی كوڕ دەبێتەوە و بە گۆچان رێ دەكات، ئەوانە و هیتریش، كەچی ماڵپەڕێك ئاماژە دەكات كە پیری زۆر لەو تەمەنە زووتر بەدیار دەكەوێت كە پێشبینی دەكرێت. 

وەك ماڵپەڕی "میدسن نت"، باسی كردووە، پیربوونی پێست لە مرۆڤ لە تەمەنی 25 ساڵی دەست پێ دەكات، نەوەك لە 50 و 60 ساڵیدا، ئەوەش كاتێك لەشی مرۆڤ لە بەرهەمهێنانی مادەی كۆلاجین دەوەستێت.

وەك ماڵپەڕەكە ئاماژەی كردووە، ئەوكاتەی بەرهەمهێنانی كۆلاجین كەم دەبێتەوە و دەوەستێت، كار دەكاتە سەر پێست، بەڵام كاریگەری لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، بۆیە دەكرێت مرۆڤ لە دوای ئەو تەمەنە هەندێك هەنگاو بگرێتە بەر بۆ پارێزگاریكردن لە پێستەكەی، بەتایبەتی بە پێڕەوكردنی سیستمێكی تەندروستی خۆراك و نوستن. 

هەرچی پیربوونی جەستەیە، بەگشتی لە تەمەنی 30 ساڵ دەست پێ دەكات، لەو تەمەنەدا لەش دەست دەكات بە لەدەستدانی بارستەی ماسولكە، جیا لەوە هەندێك لە ئەندامەكانی لەش، وەك جگەر و گورچیلە دەست دەكەن بە لەدەستدانی هەندێك لە خانەكانیان، ئێسكیش كانزاكان لەدەست دەدات و چڕی و پتەوییەكەی كەمتر دەبێت.

ئەوكاتەی بارستەی ماسولكە لە لەش دەك دەبێتەوە، راستەوخۆ رێژەی ئاو لە لەشدا كەم دەبێتەوە، لە بەرانبەردا رێژەی چەوری زیاد دەكات، تا ئاستی سێ یەكی ئاستەكەی لە تەمەنی گەنجێنتیدا، جا بۆ خۆپاراستن لە نیشانەكانی پیری شارەزایان بە پێویستی دەزانن مرۆڤ بەردەوام وەرزش بكات و خۆی رادەستی تەمبەڵی و كەمجووڵانەوە نەكات، سیستمێكی تەندروستی خۆراكی هەبێت و زیاتر سەوزە و میوە بخوات، لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحوولیش دوور بكەوێتەوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل