نه‌خۆشخانه‌یه‌كی نوێ كه ماوه‌ی زیاتر له سێ مانگه كراوه‌ته‌وه، بێ به‌رانبه‌ر خه‌ڵك چاره‌سه‌ر ده‌كات و خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستییان پێشكه‌ش ده‌كات. 220 كارمه‌ند به پێشكه‌وتووترین ئامێری پزیشكی له نه‌خۆشخانه‌كه كار ده‌كه‌ن، له ماوه‌ی سێ مانگدا 853 نه‌خۆش چاره‌سه‌ر كراون.
كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای پێشهات و قه‌یرانه جۆراوجۆره‌كان، چاودێریكردن و به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌وشی ته‌ندروستی به ئه‌ركی خۆی زانیوه. یه‌كێك له نوێترین هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌ت بۆ گرنگیدان به‌كه‌رتی ته‌ندروستی و خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتییان، دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی ئیماراتیی عه‌تایه له شاری هه‌ولێر، كه نه‌خۆشخانه‌یه‌كی مۆدێرنه و سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانی بێ به‌رانبه‌ره.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه، نه‌خۆشخانه‌كه خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی هه‌مه‌جۆری هه‌یه و بۆ روونكردنه‌وه و زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر رۆڵ و گرنگیی نه‌خۆشخانه‌كه و پێكهاته و به‌شه جیاوازه‌كانی، دكتۆر لانه ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه رای گه‌یاند، "نه‌خۆشخانه‌كه له به‌شه‌كانی راوێژكاری، نه‌شته‌رگه‌ی، له‌دایكبوونی سروشتی، خه‌واندنی نه‌خۆش، منداڵه ناكامه‌كان، ده‌رمانخانه، تاقیگه، تیشك و سۆنه‌ر، پێكدێ و سه‌رجه‌میان بێ به‌رانبه‌رن. هه‌روه‌ها بۆ چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كی وه‌ك نه‌شته‌رگه‌ری، منداڵبوونی سروشتی، ده‌رمانخانه و تاقیگه، بڕه پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م ته‌نیا وه‌ك ڕسوومات له به‌رانبه‌ر كردنه‌وه‌ی فایله‌كان وه‌رده‌گیرێت".
853 نه‌خۆش چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه و زیاتر له 100 منداڵیش له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا له دایك بوون
له یه‌كی تشرینی دووه‌می 2022 نه‌خۆشخانه‌كه كراوه‌ته‌وه و له ماوه‌ی سێ مانگی كردنه‌وه‌یدا، 853 نه‌خۆش چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه و زیاتر له 100 منداڵیش له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا له دایك بوونه. هه‌رچه‌نده كردنه‌وه‌ی به فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌نراوه، به‌ڵام زۆربه‌ی به‌شه‌كانی بۆ خزمه‌تكردنی نه‌خۆش كراونه‌ته‌وه و تا ئێسته 65 حاڵه‌تی له‌دایكبوونی سروشتی و 48 حاڵه‌تی نه‌شته‌رگه‌ری هه‌بووه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ڕۆژانه 220 كارمه‌ند به پێشكه‌وتووترین ئامێره پزیشكییه‌كان، خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی پێشكه‌ش به هاووڵاتییان ده‌كه‌ن.
له‌ڕووی دابینكردنی ده‌رمان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانیشه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه روونی كرده‌وه، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه پشتگیریی ئه‌و بابه‌ته ده‌كرێت، بۆیه ده‌ستخۆشی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا، "كابینه‌ی نۆیه‌م پشتگیرییه‌كی ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كات، بۆیه ئێسته خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی زۆرتر به‌ره‌وپێش چووه."
نه‌خۆشخانه‌ی عه‌تای ئیماراتی كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه بنیات نراوه، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر و به هاوئاهه‌نگیی مانگی سووری ئیماراتی، بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان له هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه، سه‌رپه‌رشتیكردن و هاوكاریكردن و به‌ڕێوه‌بردنیشی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه، ئاسانكاریی زۆری بۆ كراوه.