بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مێشك ئەوانە بكە

:: PM:06:33:02/02/2023 ‌

شێرپەنجەی مێشك یەكێكە لە جۆرە مەترسیدارەكانی شێرپەنجە، ئەوەش بەهۆی هەستیاریی مێشك بۆ نەشتەرگەری و چارەسەرییەكانی تر، بەگشتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە باشترین رێگە خۆپاراستنە، ئەوەش لە رێگەی خۆراك و بەرنەكەوتنی تیشك و مادە كیمیاییە زیانبەخشەكان و تیشكی خۆر و هیتریش دەبێت، شارەزایان باسی چەند جۆرە خواردنێك دەكەن بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مێشك روویان تێ بكەین.   

وەك رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی باسی كردووە، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە خۆراكە ئامادەكراو و چارەسەركراوەكان رێژەیەكی زۆر خوێ و چەوری و شەكر و مادە زیادكراوەكانیان تیادایە، ئەوانە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مێشك و هێلكەدان بە رێژەی 2% زیاد دەكەن، لە حاڵەتی زیاد خواردنیان بە رێژەی 10%.

ئیلیانوور براینت، پسپۆڕی دەروونناسی لە زانكۆی برادفۆرد دەڵێت، وازهێنان لە خواردنی ئەو خۆراكانە زەحمەتە، چونكە هەزاران ساڵە مرۆڤ خۆراكی دەستكاری كردووە و چارەسەری كردوون، وەك گۆشت و سەوزە و هیتریش، ئەوانە چێژێكی خۆشیان هەیە، بەڵام لەسەر حسێبی كەمیی مادە خۆراكییەكانیان.

روونی كردەوە، بۆیە چارەسەرێكی ئاسان بۆ وازهێنان لەو خۆراكانە نییە، بەڵكو پێویستی بە ویستێكی بەهێز و پاڵپشتییەكی دەوڵەت هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، هاوكات دەبێت ئەوانە بە خۆراكی تر بێنە گۆڕان، كە سوودیان بۆ تەندروستی جەستە و مێشك هەیە وەك، تەماتە كە بە ڤیتامینەكانی سی و كەی دەوڵەمەندە و مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە دەپارێزن.

هەروەها لیمۆ، كە بڕێكی زۆر ڤیتامین سی تیادایە و یارمەتی لەش دەدات بۆ خۆپاراستن لە سەرمابوون و ئینفلەوەنزا، گۆشت، كە سەرچاوەیەكی باشی پرۆتینە و ئاسن و زەنكی زۆر تیادایە، ماست، بڕێكی زۆر كالیسیۆمی تیادایە بۆ ئێسك و ددان باشە، هەروەها ڤیتامین بی12ی تیادایە و بۆ تەندروستی مێشك و خوێن باشە، مریشك، بۆ مێشك و پاراستنی ئاستی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین باشە، كوارگ، بە ڤیتامین دی دەوڵەمەندە و رێژەی كۆلیسترۆل كەم دەكاتەوە، پەتاتە، پۆتاسیۆمی تیادایە بۆ تەندروستی دی و كۆئەندامی دەمار باشە و ریشاڵەكانی پرۆسەی هەرس چالاكتر دەكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل