له ڕۆژانی ڕابردوو محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ خۆ دزینه‌وه له به‌رپرسیاریه‌تی گرانبوونی به‌های دۆلار له به‌رانبه‌ر دیناری عێراقی، حكوومه‌تی پێشووی عێراقی به سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا كازمی تۆمه‌تبار كرد، به‌ڵام زانیارییه دزه‌پێكراوه‌كان ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، كه حكوومه‌تی كازمی به‌رپرس بێ له‌و دۆخه و نایشارنه‌وه كه له ماوه‌ی 2012 تا 2015 بانده‌كانی حه‌واڵه‌كردنی دۆلار بۆ ئێران ده‌ستیان به كار كرد و به ملیاران دۆلاریان ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه كرد، له‌وكاته‌یش عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی بوو كه كه‌سێكی نزیك له نووری مالیكییه و ئێسته دووباره بۆ پۆسته‌كه‌ی گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه.
عه‌لی فازڵ ڕۆژنامه‌وانی عێراقی نیشته‌جێی ئه‌مه‌ریكا دوای خۆدزینه‌وه‌ی سوودانی له به‌رپرسیاریه‌تی، به بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆمارێكی ده‌نگی زانیاری و نهێنی زۆر وردی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی حه‌واڵه‌كردنی دۆلار له عێراقه‌وه بۆ ئێران بڵاوكرده‌وه، به بڕوای شاره‌زایانیش ئه‌م زانیارییانه سوودانی خستووه‌ته به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره‌وه و هاوكات له به‌رانبه‌ر ڕای گشتی عێراقیش به به‌ڵگه‌وه سوودانی و قسه‌كانی شه‌رمه‌زار كرد.
هێرشه تونده‌كه‌ی سوودانی بۆ سه‌ر حكوومه‌تی كازمی پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆمار ده‌نگییه‌كان له‌لایه‌ن عه‌لی فازڵه‌وه به ته‌واوی مایه‌پووچ بوونه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تۆماره ده‌نگییه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه پرۆسه‌ی ڕه‌وانه‌كردنی ملیاران دۆلار له عێراقه‌وه بۆ ئێران به دیاریكراوی له سه‌رده‌می حكوومه‌تی دووه‌می نووری مالیكی ده‌ستی پێكردووه و میلیشیاكان و حزبه‌كانی هاوپه‌یمانی ئێران به‌رپرس و سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و پرۆسه‌یه‌یان كردووه و یارییان به سیسته‌می بانكی و دارایی عێراق كردووه و تۆڕێكی گه‌وره‌یان له نێو بانك و دامه‌زراوه داراییه‌كانی عێراق دروست كردووه، تا به‌رده‌وام دۆلار بۆ ئێران ڕه‌وانه بكه‌ن.
تۆماره ده‌نگییه‌كانی عه‌لی فازڵ بریتین له ناوه‌رۆكی ڕاسته‌وخۆی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی سیاسه‌توانی پێشووی عێراق، كه ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له كۆچی دوایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق له‌و كات و لیوا حوسێن عه‌لی شمه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نه‌هێشتنی تاوانی ڕێكخراو له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئه‌نجام داوه، كه هه‌ردوو به‌رپرسه‌كه كه‌سانی نزیك له نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق بوون.
له به‌شی یه‌كه‌می تۆماره ده‌نگییه‌كان چه‌له‌بی قسه ده‌كات و باس له به قاچاغبردنی بڕێكی زه‌به‌لاح و زۆری دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌كات و به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش كه ئه‌و دووپاتی لێ كردووه‌ته‌وه، بڕه‌كه گه‌یشتووه‌ته 12 ملیار دۆلاری عێراقی كه له ماوه‌ی ساڵانی 2012 تا 2015 ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كراون، له به‌شی دووه‌میش زانیاری له‌باره‌ی ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه به ڕوونی سه‌لمێنراوه میلیشیاكان و به‌شێك له دادوه‌رانیش له پشتی ئه‌و كاره‌وه‌ن و دۆلار ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌كه‌ن.
هاوكات حوسێن عه‌لی شمه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی نه‌هێشتنی تاوانی ڕێكخراو له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق قسه ده‌كات و ده‌ڵێ، جۆره ڕێككه‌وتنێكی نهێنی و ژێربه‌ژێر بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلار له عێراق بوونی هه‌یه، ئه‌و تۆڕه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی له‌و كاره به‌رپرسن به لێشاو كۆمپانیای وه‌همی و ساخته دروست ده‌كه‌ن و دۆلار له‌و بانكه‌وه حه‌واڵه‌ی بانكی تر ده‌كه‌ن و حه‌واڵه‌كردن به‌رده‌وامی ده‌بێ و داواجاریش ده‌برێته ده‌ره‌وه عێراق، بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاڵایه‌كی له ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێ بكڕدرێ، تا له‌بری ئه‌و كاڵایه دۆلار بده‌نه كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنه‌ری كاڵاكه كه له ده‌ره‌وه‌ی عێراقه، ئه‌مه‌یش جێگه‌ی سه‌رسڕمانه.
شمه‌ری كه هاوكات به‌رپرسی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ی به‌قاچاغبردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلاریش بووه له عێراق زیاتر دواوه و ده‌ڵێ، تا سه‌رچاوه‌ی پاره‌كان ئاشكرا نه‌كه‌ین، كه كێی له پشته‌وه‌یه و ئه‌و پاره‌یه بۆ ئه‌و تۆڕه زه‌به‌لاحه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ناتوانین به هیچ ده‌رئه‌نجامێك بگه‌ین، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش توانای ئه‌وه‌یان نییه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و دۆسیه‌یه بوه‌ستنه‌وه و كۆتایی پێ بهێنن، چونكه تۆڕی بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلار له عێراق ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراقیان به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كۆنتڕۆڵ كردووه و ئه‌وانیش بوون به به‌شێك له بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلار له عێراق.
شاره‌زایان له‌وباره‌وه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییه دزه‌پێكراوانه و ئه‌و تۆماره ده‌نگیانه كه هیچ گومانێك هه‌ڵناگرێت، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه نه مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی پێشووی حكوومه‌تی عێراق و نه پارێزگاری له كارلابراوی بانكی ناوه‌ندی به‌رپرسیارن له‌و دۆخه، هه‌رچه‌نده له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو سوودانی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی دوورخسته‌وه و دووباره عه‌لی عه‌لاقی برده‌وه شوێنه‌كه‌ی پێشووی خۆی. بۆیه دوای ئاشكرابوونی ئه‌و ڕاستیانه خه‌ڵك متمانه‌ی به بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی و لێدوانه‌كانی سوودانی نه‌ماوه و پێویسته به ورده‌كاری ته‌واوه‌وه په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه هه‌ڵبداته‌وه و ڕاستییه‌كان بۆ هه‌مووان ئاشكرا بكات.